• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 93
  • دوو شەممه 17/3/1395
  • رۆژژمێر :

ته‌سبێح زیاتر بناسه‌ 

بەپێی بۆچوونە مێژووییەكان، بەكارهێنانی تەزبیح دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ‏مەسیحیەت، بۆ ناوهێنانی خوداو كاری ئایینی كە بەزۆری لەجۆری شوشە بووەو لەلایەن ‏قەشەكانی (نیسترۆن) بۆ وتنی (ئەوراد) بەكارهێنراوە، هەروەها كاسۆلیكەكانیش بەهەمان ‏مەبەست بەكاریانهێناوە، بەڵام پڕۆتستانتەكان بەهیچ شێوەیەك بەكاریان نەهێناوە، تەنانەت ‏رووبەڕووشی بوونەتەوەو بەدژی مەسیحییەت زانیویانە. ‏
 
هەر بەگوێرەی بەڵگەنامە مێژووییەكان، تەسبیح لەمەسیحییەكانەوە گواستراوەتەوە بۆ ناو ‏موسوڵمانان، كاتێك موسڵمانەكان لەسەردانە بازرگانییەكاندا بەرچاویان كەوتووە‌و ‏هێناویانە بۆ ناوچەكانی خۆیان، بەڵام چیرۆكێك لەناو موسڵماناندا هەیە كە گوایە لەكاتی ‏خۆیدا پێغەمبەر محەمەد (د.خ) بەزەهرای كچی(س) وتووە لەدوای نوێژ 34 جار سوبحانەڵڵا ‏بكە، ئەویش 34 نۆكی سەوزی هێناوەو بەیەكەوە بەستویەتییەوەو سوبحانەڵڵای ‏پێكردووە، دواتر بەشێك لەموسڵمانان لە‌و بەردانەی لەسەر گۆڕی ئیمام حەمزەدا هەبووە، ‏تەزبیحیان دروستكردووە. ‏


 جۆرەكانی تەزبیح ‏
چوار جۆر تەزبیحی باو لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە‌و هەریەكەیان لەكاتی خۆیدا ‏بەمەبەستێك بەكارهێنراون، پێكهاتوون لە 25 دانەیی كە بەچواریەك ناسراوەو زیاتر ‏لەدار دروستدەكرێت، 34 دانەیی كە بۆ سوبحانەڵڵا بەكاردەهێنرێت، 100 دانەیی ‏كەپەیوەندیی بەناوەكانی خواوەوە هەیەو زیكری پێدەكرێت‌و ئێستا باوترین جۆری ‏تەزبیحە، هەزار دانەیی كە بەتەزبیحی زیكر ناسراوەو شێخ‌و دەروێشەكان ‏بەكاریدەهێنن، یان هەندێجار دەیكەنە ملیان. ‏
 
تەزبیح نەك تەنها لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵكو لەبەشێكی زۆر لەوڵاتاندا هەیە، ‏بەشێوەیەك لەئەڵمانیا گرانترینی دەستدەكەوێت‌و لەچین لایەن بوزی‌و رەبەنەكانەوە ‏گرنگی زۆری پێدەدرێت، بەتایبەتی ئەو جۆرەی لەدار دروستدەكرێت. ‏
 
لەناو  كوردیشدا هەر لەكۆنەوە وەكو ناوچە‌و نەتەوەكانی تر، بەزۆری بۆ ‏خواپەرستی‌و دینداری بەكارهێنراوە، بەڵام ئێستا لەوانەیە ئەو بیرۆكەیە جیاوازبێت لەلای ‏ئەو گەنجانەی خوو دەدەن بەتەزبیح.‏
 
 
كەرەستەی كوردەوارییە ‏
هەرچەند مێژووی دروستبوونی تەزبیح زۆر لەكوردەوە دوورە، بەڵام رۆژنامەنووسێك ‏پێیوایە ئەو جۆرەی لەكوردستان‌‌و بەدەستی پیشەوەر یان هونەرمەندانی كورد ‏دروستدەكرێت، مۆركی كوردی پێوەیەو هیچ خاڵێكی یەكسانی لەگەڵ ئەوەی وڵاتانی ‏تردا بەتایبەت وڵاتانی عەرەبی نییە، ئەویش لەو رووەی كە كەرەستەی دروستكردنی ‏تەزبیح لەكوردستاندا لەهیچ شوێنێكی تر پێش كورد بەكارنەهێنراوە. ‏
 
هێمن محەمەدی رۆژنامەنووس باس لەوەشدەكات، ئەو جۆرە تەزبیحەی لەكوردستان ‏بەكاردەهێنرێت، واتە قەزوان‌و شوشە‌و درەخت، زۆر جیاوازە لەوانەی كەلەوڵاتانی تر ‏بەكاردەهێنرێن، بۆیە لەرووی رەنگ‌‌و توندوتۆڵییەكەیەوە باشترە لەوانەی تر، ئەمەش ئەوە ‏دەردەخات كەتەزبیحی كوردی لەكوردستاندا تایبەتە بە كورد، نەك شێوەی ‏دروستكردنەكەی لەوڵاتێك یان لەنەتەوەیەكی ترەوە هێنرابێتە كوردستان، بۆیە دەبێت ‏گرنگی زیاتری پێبدرێت‌و هەموو جۆرەكانی لەكوردستان دروست بكرێت‌و بتوانرێت ‏لەشوێنە جیاوازەكاندا بازاڕی گەورە بۆ كەرەستە كوردەوارییەكان . ‏
 
هەست بەتەواوكاری دەكەن
كۆمەڵناسێكیش پێیوایە كە بەشێك لەو كەسانەی تەزبیح بەكاردەهێنن، كاریگەری ‏دەروونییان لەسەرەو خوویان پێوەگرتووە، بەتایبەتی لەو روانگەیەی ئارامییان ‏پێدەبەخشێت‌و هەست بەبوونی جوانی دەكەن، كاتێك لەپاڵ جلە كوردییەكانیاندا ‏تەزبیحێكیان بەدەستەوەیە.‏
رێواز كەریم، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، جگە لەوەی بۆ كاری خواپەرستی بەكاردەهێنرێت‌و ‏زیكری پێدەكرێت، بەشێكیشی پەیوەندی بەوەوە هەیە كەوەكو كەرەستەیەكی كوردەواری ‏ئەژمار دەكرێت‌و ئەوانەی بەكاری دەهێنن، بەگشتی لەگەڵ جلوبەرگی كوردەواری‌و ‏هەروەها بۆنەو ئاهەنگەكاندا بەكاری دەهێنن، لەو كاتەدا هەست بەتەواوكاری دەكەن‌و ‏زۆریان پێ جوانە، بۆیە لەوكاتەدا ئاسودە دەبن‌و هەست بەبوونی نوێگەری‌و جوانكاری ‏دەكەن.‏
 
هەروەها وتیشی "یەكێك لەخەسڵەتە باشەكانی تەزبیح ئەوەیە، كە لەكاتی ‏بێكاریدا وەكو نیمچەكارێك ئەو تاكە خەریك دەكات‌و هاوسەنگی بەمێشكی دەدات، ‏بەتایبەتی ئەوانەی چوونەتە تەمەنەوە". ‏
سه‌رچاوه‌ : ماڵپه‌ڕی خه‌ڵک-سایتی رادیۆی سۆرانی