• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 295
  • دوو شەممه 18/5/1395
  • رۆژژمێر :

جیاوازییەکانی نیوان مێشکی ئافرەت و پیاو لە ڕووی زانستییەوە

گومانی تێدا نییە لە رووی بایلۆژییەوە رەگەزی نێر و مێ جیاوازی زۆر لە نێوانیاندا هەیە. بەڵام ئەو جیاوازییەی کە هەر لە دێر زەمانەوە جێگەی سەرنجی زاناکان و فەیلەسووفانی بەلای خۆیدا راکێشاوە، ئەو جیاوازییانە بوون کە لە چوارچێوەی مێشكدا روودەدەن و دەبنە هۆی گۆڕانکارییە سەرەکییەکان لە رەفتار و گوفتار و کاردانەوەدا.

 

لە کاتی توێژینەوە لەسەر جیاوازییەکانی مێشکی ئافرەت و پیاو زانایان بە گشتی لێکۆڵینەوە لە جیاوازییەکان دەکەن لە ڕووی: کیمیای مێشک، کرداری خانەکان، پێکهاتە و توێکاری مێشک، ئاستی چالاکیی مێشک.

ئەمانەی خوارەوە چەند جیاوازییەکی سەرەکین بە شێوەیەکی گشتی. بە ووتەی زانایان زۆرێک لەو جیاوازییانە سوود و زیانی خۆیان هەیە و ناکرێت وەک وەڵامی کۆتایی بەکاربهێنرێت بۆ ئەو پرسیارە کە دەڵێت "ئایا مێشکی ئافرەت باشترە یان پیاو؟" چونکە هاوبەشییەکانی نێوان هەردوو جۆرەکەی مێشک زۆر زیاترە لە جیاوازییەکان و نابنە هۆی باشتر بوون و زیرەک بوونی پیاو یان ئافرەت.

١- کردار (پرۆسێسکردن)

 

مێشکی پیاوان چوار هێندەی مێشکی ئافرەتان خاوەنی مادەی رەساسییە ((Grey Matter، کە دەکەوێتە بەشی دەرەوی میشک. لە بەرامبەردا مێشکی ئافرەتان دە هێندەی مێشکی پیاوان خاوەنی مادەی سپییە (White Matter)، کە دەکەوێتە ناوەوەی مێشک.

مادەی رەساسی بەپرسیارە لە ئەنجامدانی کردارەکانی مێشک لەگەڵ شیکردنەوەی هەست و زانیارییەکان و دەرکردنی فەرمانەکان. زۆریی مادەی رەساسی و کەمیی مادەی سپیی دەبێتە هۆی ئەوەی کە پیاوان نەتوانن لە یەک کاتدا زیاتر لە کردارێک بە باشی ئەنجام بدەن، یاخود ناتوانن مێشکیان لەسەر دوو ئەرک بە باشی چڕبکەنەوە بەهۆی کەمی مادەی سپی بەراورد بە ئافرەتان.

لە بەرامبەردا ئافرەتان مادەی سپی لە مێشکیاندا زۆرترە، کە بەرپرسیارە لە گەیاندنی زانیارییەکان لە نێوان بەشە جیاوازەکانی مێشکدا. زۆری ئەم مادەیە لە ئافرەتاندا وای کردووە باشتر لە پیاوان بتوانن چەند ئەرکێک لە یەک کاتدا ئەنجام بدەن و تەرکیزیان بە خێرایی لە جۆرێک بیرکردنەوەوە بخەنە سەر جۆرێکی تر.

٢- توانا بیرکارییەکان

 

باشی خوارەوی مێشکی پیاوان بە ناوی (Inferior Parietal Lobule) بەهێزترە بەراورد بە ئافرەتان، هەر بۆیە بە شێوەیەکی گشتی پیاوان لە توانا بیرکارییەکاندا رەنگە باشتر بن لە ئافرەتان.

٣- جیاوازیی پێکهاتەیی یان توێکاری

 

جیاوازییەکان لە پێکهاتەی مێشکدا زیاتر خۆی لە جیاوازی قەبارە و کێشدا دەبینێتەوە.

ئافرەتان خاوەنی هیپۆکامپەسێکی (Hippocampus) گەورەترن لە چاو پیاوان. ئەم بەشەی مێشک بەرپرسیاری سەرەکی میمۆری و بیرەوەرییەکانی مرۆڤە، بەتایبەت بیروەریی شوێنیی (Place Memory) .

بەهێزی هیپۆکامپەس وای کردووە بە گشتی ئافرەتان درەنگتر هەستەکانیان بیربچێتەوە و هەستیارتر بن بۆ ئەو هەڵانەی بەرامبەر کەسایتییان ئەنجام دراوە لە رابردوودا و درەنگتر لە بەرامبەرەکانیان خۆشبن.

یەکێکی تر لە جیاوازییەکانی لەرووی توێکارییەوە پەیوەندی بە کۆمەڵێک ناوچەوە هەیە بە ناوی .(Verbal Centers)
ئافرەتان ئەم ناوچانەیان لە هەردوو لای مێشكیان هەیە، لە کاتێکدا پیاوان تەنها لە لای چەپ ئەم بەشەیان هەیە. ئەمە جیاوازییەکی گەورەییە. ئەم جیاوازییە وای کردووە ئافرەتان لە کاتی قسەکردندا زیاتر لە پیاوان ووشەی جۆراوجۆر بەکاربهێنن لە کاتی باسکردنی هەستێک، کەسێک، شوێنێک، رووداوێک یان چیرۆکێک.
بەڵام لە مێشکی پیاواندا پەیوەندیی نێوان دەمارە خانەکان کەمتر بوونی هەیە لە نێوان ((Verbal Centers و ئەو بەشانەی مێشک کە بەپرسیارن لە بیرەوەری و هەستەکان، هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە پیاوان بە گشتی لە کاتی قسەکردندا کەمتر وشەی سۆزداری بەکاردەهێنێنن بەراورد بە ئافرەتان. واتە لە دەربڕینی هەست و سۆزدا ئافرەتان باشترن لە پیاوان.

لەلایەکی ترەوە بوونی ڤێرباڵ سێنتەرس لە هەردوو لا وای لە ئافرەتان کردووە کەمتر تووشی هەندێک نەخۆشی مێشک بن وەک (Dyslexia)

٤- سووڕی خوێن و چالاکی مێشک

 

بەهۆی زۆریی چالاکیەکانی مادەی سپی، مێشكی ئافرەتان خوێنی زیاتر بۆ دەچێت بەراورد بە مێشکی پیاوان.

زۆریی خوێن لە میشکی ئافرەتدا وای کردووە بەشێکی مێشک بە ناوی (Cingulate Gyrus) خوێنی زیاتر بۆ بچێت و چالاکتر بێت لە پیاوان، ئەمەش وا دەکات ئافرەتان زیاتر لە پیاوان زوو زوو بیرەوەرییە سۆزدارییەکانی رابردوویان بیربکەوێتەوە.

٥- قەبارەی گشتی

 


بە پێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی (Psychologytoday) مێشکی پیاوان %١٠ گەورەتر لە مێشكی ئافرەتان. هەرچەندە گەورەیی قەبارەکە دەبێتە هۆی ئەوەی پیاوان توانای پرۆسێسکردنی مێشکیان فراوانتر بێت، بەڵام ئەمە نابێتە هۆی زیرەکتربوونیان.

٦- هەردوولای مێشک

 

پیاوان بە گشتی لای چەپی مێشکیان بە هێزترە. بەڵام ئافرەتان لە هەردوولای مێشکیاندا بەهێزترن.

٧- کیمیای مێشک

 

دەمارە خانەکانی مێشكی پیاوان و ئافرەتان هەمان مادە کیمیاوییەکان بەکاردەهێنن بۆ راپەراندنی کارەکانیان، بەڵام بە رێژەی جیاواز.

هەندێک لەو مادە جیاوازانەی لەلایەن دەمارەخانەکانەوە بەکاردێن بریتین لە:

١- سیرۆتۆنین (کە یارمەتیمان دەدات لە شوێنێکدا بێ جوڵە دابنیشین و هەست بە ئارامی بکەین)

٢- تێستۆستیرۆن ( هۆرمۆنی پیاوانە کە بەشدارە لە پرۆسەی توڕەبوون و توندوتیژی)

٣- ئۆکسیتۆسین (کە دەبێتە هۆی درووستکردنی بۆندی پەیوەندی نێوان دوو کەس یان زیاتر)

بەهۆی جیاوازی لە رێژەی بەکارهێنانی ئەم مادە کیمیاوییانە و بەتایبەت سیرۆتۆنین، پیاوان توانایان کەمترە لە دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر بەبێ جوڵە بەراورد بە ئافرەتان.

بە گشتی مێشکی پیاوان کەمتر هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین بەرهەم دەهێنێت و کەمتر کار بەو هۆڕمۆنە دەکات، هەر ئەمەش وایان لێدەکات لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەل دەوروبەر کەمتر سۆزداریی بن و کەمتر هەستەکانیان دەرببڕن.

لەلایەکی ترەوە زۆریی ئۆکسیتۆسین لە مێشكی ئافرەتاندا یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی درووستبوونی پەیوەندی بەهێزی نێوان دایک و منداڵ.


تا ئێستا توێژەرانی بواری میشک زیاتر لە ١٠٠ جیاوازیان لە نێوان مێشكی پیاو و ئافرەتدا دۆزیوەتەوە. بە بۆچوونی زانایان زانین و تێگەیشتنی ئەو جیاوازییانە و تێڕوانین لێیان لە روانگەیەکی زانستییەوە زۆر گرنگن بۆ دووبارە رێکخستنەوەی ئەرک و فەرمانەکانی کۆمەڵگە بە شێوەیەکی باشتر لە داهاتوودا. بەڵام ئەمە نابێت ببێتە هۆی بە کەم سەیرکردنی هەر کامێکیان.

 


سایتی خەندان لایف