ئایا وەرزشکردن لە ڕەمەزاندا کارێکى تەندرووستە؟
ئەنجامدانى وەرزش کارێکى تەندرووست و باشە و دەبێت ڕۆژانە یان بە لایەنى کەمەوە هەفتەى دوو جار وەرزش بکەیت تا کێش زیاد نەکەیت و پارێزگارى لە بەهێزى لەشت بکەیت.
هەندێک لە خەڵکى دەپرسن ئایا لە ڕەمەزانانیشدا وەرزشکردن تەندرووستە؟ ئەمە لە کاتێکدا کەسى ڕۆژوەوان چەند کاتژمێرێکى زۆر بەڕۆژوو دەبێت و هیچ ناخوات و ناخواتەوە.
مەترسییەکانى وەرزشکردن بە ڕەمەزاناندا:
پێویست بەوە ناکات بترسیت، بەڵام دەبێت بزانیت کە ئەنجامدانى وەرزش بە بێ زانیارى زیانى دەبێت، چونکە لە لایەکى ترەوە دووریشکەوتوویتەتەوە لە خواردن و خواردنەوە.
ئەنجامدانى وەرزشیش بە شێوەیەکى تەندرووست سوودى هەیە، هەر بۆیە دەبێت ئەم زانیاریانە بزانیت:
یەکەم:
ئەگەر پێش هاتنى کاتى بەربانگ وەرزشت کرد ئەگەرى نزمبوونەوەى ڕێژەى شەکرى لەشت زیاد دەکات و تواناى ماسوولکەکانت نزم دەبنەوە، بۆیە دەبێت زۆر وریابیت و بە تایبەت لە هەفتەى یەکەمى ڕەمەزاندا، چونکە هێشتا لەشت بەو سیستەمە تازەیە ڕانەهاتووە.
چارەسەر: بۆئەوەى دووربیت لە نزمبوونەوەى ڕێژەى شەکرى خوێن، لە بەربانگ و پارشێواندا ئەو خۆراکانە بخۆ کە بڕێکى زۆر شەکریان تێدایە، هەوڵبدە دواى پارشێو وەرزش بکەیت کە هێشتا وزەت پێماوە یان بەیانیان زوو، نەک پێش بەربانگ.
دووەم:
ئەگەر دواى بەربانگ وەرزشتکرد ئەوا پاش ٣ کاتژمێر وەرزش بکە، سەرەتا تەنها ڕۆشتنى ئاساى و هەندێک ڕاهێنانى سادە ئەنجامبدە، نابێت وەرزشى زۆر سەخت بکەیت.
لە کاتى ئەنجامدانى وەرزشدا لە مانگى ڕەمەزاندا ئاگادارى ئەم خاڵانە ببە:
• پێش ئەوەى وەرزش بکەیت بە نیو کاتژمێر هەوڵبدە ژەمێکى سووک بخۆیت کە ٣ بۆ ٤ پارچە پسکیتى تێدابێت لەگەڵ مرەبا و کوپێک شیر یان ماست لەگەڵ میوەدا.
• لە کاتژمێرێک زیاتر وەرزش مەکە، لەو ماوەیەشدا بڕێکى باش ئاو بخۆرەوە، دوو پارچە پسکیتیش بخۆ.
• دووربکەوەرەوە لە خواردنەوە گازدارەکان و بیرتبێت کە ئەم مانگە بەسوودە تا کالۆرییەکى زیاتر بسوتێنیت.
• زەیتون و زەیتى گوێزى هندى و زەیتى زەیتون بخەرە زەڵاتەکانتەوە.
• سوپ ئامادە بکە و لە بەربانگدا بیخۆ، بە تایبەت ئەو سوپانەى لە سەوزە درووستکراون.
سایتی کانالی NRT2