• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 272
  • پێنج شەممه 13/3/1395
  • رۆژژمێر :

سۆران کوردستانی؛نووسەر، شاعیر و مێژوونووسی کوردی ئێرانی

سۆران کوردستانی


بەهمەن فەریوەر ناسراو به "سۆران کوردستانی" ساڵی ١٣٣٤ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر به ١٩٥٥ی زایینی له شاری هونەرپەروەری سنە پێی ناوەتە دنیا. سۆرانی کوردستانی نووسەر، شاعیر و مێژوونووسی کوردی ئێرانه. له دایکی ڕا له بنەماڵەی شێخانی مەردوخیی هەورامان (نەوەی شێخ محەممەدی مەردووخی کوردستانی) بوو.

سۆران کوردستانی دوای فام کردنەوه، له شارەکانی سنە، کرماشان، مەشهەد، ئەردەبیل، مەهاباد و ورمێ درێژەی به خوێندن داوه و ساڵی ١٣٥٥ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر به ١٩٧٥ی زایینی له دەبیرستانی ژماره سێی خارەزمی تاران دیپڵۆمی وەرگرت و پاشان دوکتوڕای پزیشکی له زانستگای تاران وەرگرت. هەر چەند کە دەیتوانی به شێوەیەکی ئازاد له زانستگایەکی ئاسایی درێژه به خوێندن بدا، بەڵام به هۆی دەستەنگی له بۆرسییەی ئەڕتەش کەلکی وەرگرتووه و دوای کۆتایی هێنان به خوێندن وەک پزیشکی ئەڕتەش وەرگیراوه و خەریکی کار بووه.

هاوکات دەگەڵ درێژەدان به خوێندن له زانستگادا به هۆی عەلاقه و هۆگرییەکی بووویەتی لێکۆڵینەوەی خۆی له بەشی فەرهەنگی، مێژوو، ناسینی ئایینەکان، زمان ناسی، کۆمەڵ ناسی و فەرهەنگی نەتەوەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست دەست پێکردووه و دوای ٣٩ ساڵ کاری بەردەوام نزیک به هەزار وتاری نووسیوە. لەبەر ئەوەی زۆر له کاری پزیشکی ئەڕتەش دا دەوامی نەهێناوه به هۆگەلێک که به دڵنیایی دەبێ ده ژیاننامەی دا نووسیبێتی واز لەو کاره دێنێ و لەبەر ئەوەی ماوەی تەعەهود و مەرجی خزمەتی له کارەکەی دا بە سەرنەچوو بوو بۆ هاتنه دەر لەو کاره ناچار به دانی غەرامه دەبێ و بۆ یەکجاری دێته نێو مەیدانی فەرهەنگ و ئەدەبەوە.

ماوەیەک له تاران دەبێ؛ شوێنێک وەک مەتەب دادەنێ و به کەلک وەرگرتن گیایەکانی دەرمانی چەند جۆر دەمامکی جوان کاری ساز دەکا و لایەنگری زۆر دەبێ، بەڵام ئەو که هەوای گەڕانەوە بۆ مەوتەن و به تایبەت خزمەت به فەرهەنگ و ئەدەبی وڵاتەکەی ده دڵ دا بوو، دوای نووسینی کتێبی "ئیکسیری زیبایی" بەرەو سنە و پاشان بۆ مەهاباد و دوایه لەبەر تەنگ و چەڵەمەی ژیان ماڵی دێنێته ئاوایی گوێک تەپە و له ماڵی خەزووری نزیک دەبێتەوه. ساڵی ١٣٧١ بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک ماڵی دەباته ورمێ و بۆ یەکەم جار له زانستگای ورمێ ڕێ و ڕەسمی یادمانی ھەڵەبجە بەڕێوه دەبا و ڕاستەوخۆ هاوکاری خۆی دەگەڵ ناوەندی سەلاحەددینی ئەییووبی بۆ بەڕێوه بردنی چاپ و بڵاوکردنەوەی گۆڤاری سروه دەست پێدەکا و دەو دەرفەتەدا جگه له به چاپ گەیاندنی چەند بەرهەمی خۆی، دوو دەوره کلاسی فێر بوونی خوێندنەوە و نووسینی کوردی دادەنێ و تا ڕادەیەکی زۆر له کارەکەی دا سەرکەوتوو دەبێ.
له سەر داوای ئوستانداری وەخت بانگێشتی سنە دەکرێتەوه و ئیمکانی لێکۆڵینەوەی بۆ چەند بابەتی فەرهەنگی بۆ فەراهەم دەکرێ و تەنانەت گەڵاڵەی پێکهێنانی ئەنیستیتۆی کورد دادەڕێژێ، بەڵام لەبەر جیاوازیی بیر و بۆچوون، لەوێش دەوام ناهێنێ و دەگەڕێتەوه گوێک تەپە. له ساڵی ٧٥ تا ٧٧ له وێ دەمێنێتەوه و پاشان ماڵی دەباته بۆکان و چوار ساڵ و نیو له وێ نیشتەجێ دەبێ و دەو ماوەیەدا جگه له کاری گیادەرمانی، لێکۆڵینەوەیەکی بەربڵاو به ئەنجام دەگەیێنێ و سەرەنجام له ساڵی ١٣٨١ تا کۆتایی ژیانی له مەهاباد دەمێنێتەوه و بەر له هەموو شتێک هەوڵ دەدا به دانانی پێشانگا و پەیوەست بوون به ناوەندەکانی فەرهەنگی به تایبەت ڕادیۆتلەویزیۆنی مەهاباد و ورمێ چەرخی ژیانی بخاته گەڕ و جێ دەستێک ده بەرنامەکانی زانیاری و فەرهەنگی و ئەدەبی دا بکاتەوه.

 به شوێن ئەو ئاواته ئەرکی وەرگێڕان و دۆبڵەی چەند زنجیرەفیلم وه ئەستۆ دەگرێ، بەڵام وەختایەک دەبینێ به دەسکەوتی ئەو کاره کون و کەلەبەرەکانی ژیانی بۆ پڕ نابێتەوه، له زانستی خۆی له سەر گیایەکان کەلک وەردەگرێ؛ بۆ بەڕێچوون و دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیانی خۆی و ماڵ و منداڵی پیشەی گیادەرمانی ڕەچاو دەکا و بۆ یەکەم جار مەکۆیەکی گیادەرمانی بۆ ئەو کاره دادەنێ. چەند جار له شارەکانی سنە و مەهاباد و بۆکان و سەردەشت پێشانگای کوردستان ناسی بەرپا دەکا.

دوکتۆر سۆران دەیان وتاری چاپ کراو و چاپ نەکراو و له هەموویان گرینگ تر فەرهەنگەکەی ده بەرگی به شێوەی فیش له دوای به جێ ماوه.
لەو ئاسەوارانەی به چاپی گەیاندوون هێندێکیان له تیراژی زۆر و هێندێکیان له تیراژی کەم دا بڵاو بوونەوه :
ڕێزمان
تەقویمی سۆران
کوردی فێر بین
ئیکسیری زیبایی
ڕەساڵەی عیشق
چەپکێ نەرگس
دوو ڕشته یاقوت و مەرجان
خوا یارت بۆ
ڕۆڵە بزانین
فێر کردنی سەرەتایی زمانی کوردی (بۆ پۆلی یکەم و دووەم به جودا)
مەنزوومەی کوردی "شاهۆ گیان سڵاو"
قەباڵه کۆنەکانی هەورامان
ژینەژان

سەرچاوە:
گۆڤاری کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئەدەبی مەهاباد - ژمارەی ١٤٦

ویکی پدیا