• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 200
  • یەكشەممه 9/3/1395
  • رۆژژمێر :

ناساندنی شارستانی هەرسین

 شارستانی هەرسین

هەرسین یەکێکە لە شارە مێژووییەکانی پارێزگای کرماشانه. بەرزترین شاخی 2794 مەترە و قووڵترین ئەشکەوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە قووڵیی 572 مەتر کەوتووەتە ناو ئەو شارە. گڵێم و بەڕی هەرسینیش ناوبانگی جیهانیی هەیە، بەڵام یەکێک لە شوێنەوارە ناسراوەکانی کرماشان لەو شارەیە کە بە ”گەنج دەڕە“ ناسراوە. لە ساڵی 1965 هەڵکۆڵین و توێژینەوەکانی گەنج دەڕە دەستی پێکرد و تا ساڵی 1969 بەردەوام بوو، لە ژێر چاودێریی پرۆفیسۆر ئێسمیتی کەنەدایی.

لە گەنج دەڕە کەسانێک ژیاون کە شارنشین بوون و ئاژەڵەکانیان دەستەمۆ کردووە و خەریکی کشتوکاڵ و جووتیاری بوون. بەشێک لە بیناکانی گەنج دەڕە بەبێ هیچ زیانێک وەک خۆی ماونەتەوە. ئەو شوێنەوارە یەکێکە لە کۆنترین شوێنەوارەکانی مرۆڤایەتی و ژمارەیەک لەو کەلوپەلانەی دۆزراونەتەوە تایبەتە بە سەردەمێک کە هێشتا چەرخی کۆزەگەری دروست نەبووە. دانیشتوانی گەنج دەڕە لە هەزارەی نۆیەمی پێش زاییندا، خەریکی کشتوکاڵ بوون و دەستیان بە جۆرەکانی دانەوێڵە گەیشتووە.
تاقیکردنەوەکان لەسەر خەڵووزی دۆزراوه‌ لەو ناوچەیە ئاشکرای دەکا، یەکەمین مرۆڤەکان لە 8500 ساڵ بەر لە له‌دایكبوونی مەسیح لەو ناوچەیە نیشتەجێ بوون. دەوری و قاپیان دروست کردووە. جۆرە خشتێکیان دروست کردووە کە تەنیا لەو ناوچەیە دۆزراوەتەوە. تیری کەوانیان لە بەرد دروست کردووە. بە ئێسکی ئاژەڵ ملوانکەیان دروست کردووە. شوێنەوارەکانی سەردەمی مادەکان لە شاری هەرسین ئاشکرای دەکا، ئەو شارە بەشێک بووە لە وڵاتی مادەکان، دەخمەکانی ”دهنۆی ئیسحاق وەند“ و پەیکەری ” پیاوی مادی“ بەڵگەن بۆ ئەو قسەیە.

 لە هەرسین چەندین شوینەواری ناسراوی تر هەن کە ناوبانگی جیهانییان هەیە، وەکوو بێستوون و بەردەنووسەکانی سەر کێوی بێستوون. ئەو شوێنەوارانە سەرەتا لە ساڵی 1734 لە لایەن گەشتیارە ئەورووپییەکان گرنگییان پێ درا و لە سەردەمی ” فەتعەلی شای قاجار“، ژوبری فەرەنسەیی و دواتر گاردانی فەرانسەیی سەردانی ئەو شوێنەوارانەیان کرد.

 چەندین شوێنەواری تر لە هەرسینە کە ناسراوترینیان بریتین لە: - قەڵای هەرسین: لە ناوەندی شار، شوێنەواری قەڵایەک هەیە کە چوار تاوه‌ری لە چوار لاوە هەبووە. - فەراتاش: بەردێکی تاشراوە کە سەردەمی خۆی بۆ بەردەنووس ئامادەیان کردووە. - حەوزی ئاوی (سەعاتی ئاوی): حەوزێکی گەورەیە کە 66 سەنتیمەتر قووڵە. لە بەشی خوارەوەی 12 هێڵ وەکوو سەعات کێشراوە. تاقی بەردین: لە نزیک حەوزی بەردین، تاقێکی بەردین هەیە کە 45 مەتر بەرزە و مەترێک و 45 سەنتیش پانە. تەختی شیرین، قەڵای دزبەر، قەڵای سرماج، دیواری ساسانی، پردی خەسرەو بەشێکی ترن لە شوێنەوارەکانی شاری هەرسین.

 

باسنیوز