• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 260
  • چوار شەممه 5/3/1395
  • رۆژژمێر :

 تووش  بوونی منداڵ به دڵەڕاوکێ

   

کاتێک کە کوڕەکە خۆی کرد بە ئۆفیسەکەمدا، چاوەکانی خۆی لە سەیرکردن و سەرنجەکانم لادەدا، زانیم شتێکی هەڵە هەیە، کوڕەکە دەربارەی دایکی وگرنگیدانی بە دایکی  دەدوا و نەیدەزانی کە چی ڕوودەدات.

زۆر جار منداڵان نازانن بۆدڵەڕاوکێیانە، تەنها ئەوە دەزانن کە ئەوان ئەزموونی نا ئارامییەک دەکەن و بە دەست نائارامییەوە دەناڵێنن، رەنگە پێش ئەوەی ئەوان بتوانن بە قسەکردن هەستەکانی خۆیان دەربڕن، ئێمە تێبینی ئەوە بکەین کە چی ڕوودەدات.

ئەم ڕەفتارانەی خوارەوە بەڵگەیەک بە ئێمە دەدەن:
پرسیاری (چی و ئەگەر ؟) دەکەن.

ئامادەکاریی دووبارە بووەوە دەکەن.

پێویستیان بە کەلوپەل و شت دەبێت بۆ سەلامەتییان، یان کەلوپەل و شتومەک هەڵ دەگرن یان لە پشتیانەوە دەیشارنەوە.

زمانگرتن و منگەمنگ کردن.

شت لێکەوتنە خوارەوە، پەلەپەلکردن و کەوتن.

سەیری خوارەوە کردن بۆ ئەوەی خۆی لابدات لە پەیوەندیکردن لە ڕێگەی چاوەوە، یان سەیرکردنی لایەکی دیکە، وەکو ئەوەی وریای مەترسییەک بێت.

شۆربوونەوەی شانەکان بۆ پێشەوە.

هەستەکانی دڵەڕاوکێ پەیوەستن بە گومان و ترسەوە، کاتێک ئێمە تەواو دەترسین، سیستەمەکانی جەستەمان هەوڵدەدات کە ئەندامە ناسک و هەستیارەکانمان بپارێزێت. دەست و قاچەکانمان سارد دەبن، ووزەمان نامێنێت، بە شێوەیەک دەجوڵێینەوە کە جیاوازە لەو کاتەی کە بەهێزین و متمانەمان بە خۆمان هەیە.

وەکو گەورەش لە جیهانەکەماندا، کاریگەرییەکی گەورەمان لەسەر منداڵان هەیە، کاتێک ئەوان دڵەڕاوکێیانە، زۆر شت هەن کە ئێمە دەتوانین بیانکەین تا یارمەتیان بدەین مێشک و دڵیان ئارام ببێتەوە، بەپێی بڵاوکراوە پەروەردەییەکانی ماڵپەری familyshare ئەمە ئەو 10 ڕێگایەن بۆ چارەسەری دلەڕاوکێ لای منداڵ کە لەلایەن پسپۆری شارەزا "دێنیس دەبڵیوو ئاندرسن" نوسراوە: 

1-دانەوەرەوە بۆ ئاستی منداڵەکە:
تەنها بە نزیکیمان لە منداڵەکەوە هەستی گرنگیی لای منداڵەکە دروستدەکات، کاتێک ئێمە نزیکین لێێان و سەیری ناو چاوەکانیان دەکەین، ئەوەیان پیشان دەدەین کە هەرشتێک ئەوان بێزار و نائارام بکات بۆ ئێمە گرنگە.

2-بە نەرم و نیانی و بە هێواشی قسەبکە:
تۆنی دەنگمان، ئاواز و ڕیتمەکەی، یان نیگەرانی و دڵەڕاوکێی منداڵەکە زیاتر دەکات یان دەبێتە ئارامییەکی کاریگەر بۆ منداڵەکە، قسەکردن بە نەرم و نیانی ڕێمان دەدات کە لە پەیوەندییەکی قووڵتردابین لەگەڵ منداڵەکەدا، قسەکردن بە هێواشی دەمارە گرژبووەکان هێورو ئارام دەکاتەوە و تێکڕای لێدانی دڵ خاو دەکاتەوە.

3-چالاکانە گوێبگرە:
کاتێک ئێمە نزیکین لە منداڵەکە و خۆمان بۆ ئەو تایبەت دەکەین، ئەوکات ئەوان هەست بە باشی و ئارامی دەکەن و هەستەکانی ناخی خۆیان دەردەبڕن، ئێمەش سەرمان ڕادەوەشینین و بۆچوون و سەرنجی خۆمان دەردەبڕین تا ئەوە لە منداڵەکە بگەیەنین کە گوێمان لەوەیە کە دەیڵێن.

 ئەو گرنگی پێدانە تەواوە هانی دایەلۆگ و گفتوگۆی کراوە دەدات و ڕێگای ئاڵوگۆڕی خێرای بیرکردنەوە وهەستەکان دەدات.

4-وەڵامدانەوەی ئەوەی کە ووتراوە:
وەڵامدانەوەی ئەوەی کە لە منداڵەکەوە گوێمان لێدەبێت دەربارەی ئەوەی کە ئەوان چی دەڵیێن و هەست بە چی دەکەن، توانای دەربڕینی ووشەی دەداتێ بۆ ناساندنی ترسەکانی و گۆڕینی نا ئارامی و دڵەڕاوکێکەی بە کردار.

5-پێدانی سۆزی جەستەیی، ئەگەر پێویست بوو وە لە کاتی گونجاودا:
دەست لێدانە نەرم و نیانەکانمان هەستی ئارامی بە منداڵانمان دەبەخشن و یارمەتیمان دەدەن هەست بە حەوانەوە و ئارامی بکەن، ئاگاداری ئەوەبە کە ئەمە تەنها کاتێک گونجاوە کە ئێمە پەوەندییەکی متمانە پێکراومان لەگەل منداڵەکەدا هەبێت وتەواو نزیکبین یان هاوڕێبین لەگەڵ منداڵەکە.

6-دابینکردنی دڵنیایی
ئەو ووشانەی کە دڵنیایی دەبەخشن بریتین لەم دەستەواژانە، بەڵام تەنها لەم ڕستانەدا کورتناکرێنەوە وەک شتەکان باش دەبن، من دڵنیام تۆ بەم زووانە بۆت دەردەکەوێت، شتێکی ئاساییە کە بترسی، تۆ بۆ من گرنگی، من لەگەڵت دەمێنمەوە تا لەمە دەردەچین.

7-پێکەوە بەقووڵی هەناسە بدەن
هەناسەدانی قووڵ یارمەتی حەوانەوەی لەش دەدات وهەستەکانی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ کەمدەکاتەوە، کاتێک ئێمە بەقووڵی لەگەڵ منداڵەکەمان هەناسە دەدەین، تەکنیکیکی ئارامکەرەوەیان فێردەکەین و شێوازو ڕێگایەکیان پێ دەدەین بۆ بەردەوامبوون لەسەری لەکاتی تەنیاییاندا. 

8-نوێژکردن پێکەوە
نوێژ باوەڕمان چالاک دەکات وگومان و ترسمان دەردەکات، نوێژکردن لەگەل منداڵێکدا کە دووچاری دڵەڕاوکێ بۆتەوە ئەو متمانەیەی دەداتێ کە خۆی بە تەنیا لە خودا نزیک ببێتەوە کاتێک ڕووبەڕووی کێشە دەبیتەوە. 

(بێگومان نووسەر لەمەدا مەبەستی لە نوێژ و دوعاکردنە بە پێی کلتووری خۆیان).

9-ئامادەکاری بۆڕووداوەکانی داهاتوو
ئامادەکاریی چالاکی بەرجەستە دەڕەخسێنێت کە هەستی دڵە ڕاوکێ ئارام دەکاتەوە، شتێکمان دەداتێ کە بیکەین لە کاتێکدا کە چاوەڕێی ڕوودانی ڕووداوێکین، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە ئێمە نازانین کە دەرئەنجامەکە چی دەبێت. 
 
10-دوای ڕووداوەکە جارێکی تر دڵنیابەرەوە لە منداڵەکە
ئامادەبوونمان دوای ڕووداوێکی گران و زەحمەت ئەو هەلە دەدات بە منداڵ کە پراکتیزەی ئەوە بکات کە ڕوویداوە و یادەوەرییە باشەکان لای خۆی هەڵبگرێت، بۆ ماوەیەکی درێژ لای خۆی بیپارێزێت و پاشانیش هەرکاتێك ویستی سوودیان لێببینێت.

کاتێک ئێمە ئەوەیان پیشان دەدەین کە ئەوان بەردەوام بۆمان گرنگن، هەستەکانی متمانە بەخۆبوون و بەهادانانیان بۆ خۆیان لا زیاد دەکات.

کاتێک گوێم لە منداڵەکە گرت کە دەربارەی دایکی دەدوا، وەڵامی خۆشەویستی و گرنگی پێدانی ئەوم بۆ دایکی بەرپەرچدایەوە، پێکەوە هەندێ هەناسەی قووڵمان هەڵکێشا، هەر کە ئۆفیسەکەی منی جێهێشت دڵنیابووبووەوە کە شتەکان چارەسەردەبن و لەوەش دڵنیابوو کە هەرکاتێک پێویستی بە قسەکردن و گفتوگۆ هەبێت لەسەر هەستەکانی دەتوانێت بێت بۆلام.

ئەم دە ڕیگایە نەک تەنها منداڵێک ئارام دەکەنەوە کە تووشی دڵەڕاوکێ بووە، بەڵکو ئەو دە ڕێگایە گرنگترین دیارییمان پیدەدەن کە ئێمە وەکو گەورەیەک دەبێت بیبەخشین، ئەو دیارییەش خۆشەویستی بێ مەرجە، وەکو بارانێکی نەرمی بەهاریی، ئێمە ژیانێکی خۆراکبەخش دەبەخشین کە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر منداڵانی جیهانی ئێمە هەیە، تەنها کاتێک دەزانین کە ئێمە سەرکەوتوبووین کە ئەوانیش هەمان شت پێشکەشی هاوتەمەنەکانی خۆیان بکەن.   

خەندان لایف