ئەرگی کەریم خانی
کەریم خانی زەند
کەریمخان لە عەشیرەتی زەند بوو. بابی عیناقخانی ناو بووە و ڕەئیسی ئێلی زەند بوو. کەریمخان لە دێی "پەری" (پیرۆز) لە ساڵی ١١١٩ی ه.ق چاوی بە دنیا هەڵێناوە. کەریمخان لە نەتەوەی لور ناوچەی [[مەلایر بووە. کەریمخان لە ساڵی ١١٩٣ - ١١٧٩ حاکمی وڵاتی ئێران بووە و پایتەختی کەریمخان شاری شیراز و لەقەبیشی وەکیلولڕەعایا بووە، پیاوێکی عادڵ، زۆر لە خزمەتی خەڵکدا بووە و زۆر تێکۆشاوە بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک و ئاوەدانیی وڵات.
لە ئاخری عومریدا نەخۆشی ئازارەباریکەی (سل) گرتووە، بە ھۆی پیری کە نزیک بە ٨٠ ساڵ لە عومری تێپەڕیوە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بێ هێزتر بووە. کەریمخان دوای ٣٠ ساڵ و ٨ مانگ و ١٢ ڕۆژ حکوومەت کردن لە ١٣ی مانگی سەفەری ١١٩٣ی ه.ق فەوتی کردووە و دوای فەوتەکەی لە گۆشەی باشووری حەساری هونەرستانی سەنعەتی نمازی دەینێژن. دوای دەسەڵاتی ئاغا محەممەدخانی قاجار بە سەر شاری شیراز بە دەلیلی کینە و ناخۆشەویستی قەبرەکەی دەداتەوە و ئێسکەکانی دەردێنێ و لە توورەکەی دەکا و دەیبا بۆ تاران و لە کاخی گوڵستان لە ژێر پلیکانی ئەو کاخە دەینێژێ هەتا هەموو ڕۆژێ بە سەریدا ڕابرێ و پێی لێ بنێ. دەڵێن لە زەمانی ڕەزاخاندا دەریانهێناوەتەوە و بردوویانە بۆ گۆڕستانی تاران و لە وێ ناشتوویانە.
ئەرگی کەریم خانی لە ناوەندی شاری شیراز دایە. ئەم ئەرگە لە سەردەمی حوکمڕانی زنجیرە پاشایی زەندییە دا درووست کراوە و پاش ئەوەی کە کەریم خان شیرازی وەکوو پێتەخت و ئەم شوێنەی وەکوو شوێنگەی ژیانی خۆی هەڵبژارد، بە ئەرگی کەریم خانی ناوبانگی دەرکرد.
ئەرگی کەریم خانی لە باکووری خۆرهەڵاتی شیراز و گۆرەپانی شەهیدەکان (بەنێوی شارەداری پێشوو) دا هەڵکەوتووە. پانتایی ئەرگ ٤٠٠٠مەتری چوار گۆشەیە کە لە رووبەرێکی گەورەتر بە پانتایی ١٢٨٠٠ مەتری چوار گۆشە دا هەڵکەوتووە. ئەم ئەرگە چوار دیواری زۆر گەورەی هەیە کە لە رێگەی ٤ پاردەی خشتینی ١٤ مەترییەوە پێکەوە بەستراونەتەوە و هەرکام لەم پاردە خشتینانە گۆشەی ٩٠ دەرجەی هەیە. کاشی کارییەکانی سەردەری هاتنە ژوورەوەی ئەرگەکە لە سەردەمی قەجەر دا بۆی زیاد کراوە.
درووست کردنی ئەرگی کەریم خانی لە نێوان ساڵەکانی ١٧٦٦ و ١٧٦٧ی زاینی دا بووە و کەریم خان لە باشتری بیناسازان و میعمارانی سەردەمی خۆی کەڵکی وەرگرتووە. ئەو تەنانەت باشترین ماتریاڵ و مەسالیحە بیناسازییەکانی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بۆ هێنا و درووست کردنی بیناکە بە خیراترین زەمان تەواو بوو.ئەم بینایە لە سەردەمی دەسەڵات داریتی زەندییەکان وەکوو شوێنگەی نیشتەجێ بوون و حوکمڕانی و لە سەردەمی قەجەرەکان دا وەکوو شوێنگەی دانیشتن و ژیانی فەرماندارە خۆماڵییەکان کەڵکی لێ وەرگیراوە، هەروەها عەبدولحوسەین میرزای فەرمانفەرما، حوکمڕانی فارس فرمانی نوێ سازینەوەی مینیاتۆرە نیگارەکانی ئەم بینایەی دەرکرد.
لە سەردەمی پاشایەتی پاڵەوییەکاندا لەم ئەرگە وەکوو زیندان کەڵک گیراوە، لە ساڵی ١٣٥٠ دا ئەم ئەرگە دەدرێتە ئیدارەی فەرهەنگ و هونەری ئەو دەم. ئەم بینا گەورەیە ئێستا لە ژێر کۆنترۆل و چاودێری رێکخراوی کەلەپووری فەرهەنگیی کۆماری ئیسلامی ئێران دایە و لە جەند ساڵ لەمەو پێش ئیشی نۆژەن کردنەوە و چاک کردنەوەی ئەم بینایە دەستی پێ کردووە تاکوو وەکوو مۆزەخانەی گەورەی فارس کەڵکی لی وەربگیرێت.
سایتی جام-کوردی
گۆڤاری مەهاباد، ژمارە ١٦٠، ساڵی ١٣٩٣، گەشتێک بۆ شیراز، مەلا مستەفا ڕەشیدی (زاواکێو)