سەركردیەکی پەكەكە: ئێمە دژی دەوڵەتی كوردین
دامەزرێنەر و فەرماندەیەكی باڵای پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە "ئێمە لەجیاتی سەربەخۆیی هەوڵی دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگە دەدەین لە توركیا و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی كێشەیەكی دیكەیە و جەختیشی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ رژێمی سووریا كردەوە. "
رەزا ئاڵتون، دامەزرێنەر و سەركردەی باڵای پەكەكە لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەی "السفیر"ی لوبنانی رایگەیاند كە خەباتی ئێمە لە توركیا بۆ پرسی نەتەوەیی و رەگەزی دیاری كراوە و تەنیا ناڕوانینە بابەتی پرسی كورد، بەڵكوو ئامانجی ئێمە دیموكراتیزەكردنی كۆمەڵگەیەك و بنچینەی ئازادیی هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. "
سەركردەكەی پەكەكە گوتیشی: "ئێمە كار بۆ دیموكراتیزەكردنی وڵاتان و رێزگرتن لە جۆرایەتیی رەگەزی و نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی دەكەین و لەجیاتی دەوڵەتی سەربەخۆ و بانگەشە كردن بۆ جیابوونەوە و دابەشكردن و ئەو جۆرە شتانە، تەركیزمان لەسەر ئازادیی كۆمەڵگەییە بۆ هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگە. "
رەزا ئاڵتوون لەبارەی سەربەخۆیی لە رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند كە لە رۆژئاوا دەستەواژەی دەوڵەت بەكار ناهێنرێت و ئەمەریكا یاری بە هەموو رەگەزەكان دەكات و نەبووەتە رێگرێكی جدی لەبەردەم گەیشتنی كورد بۆ عفرین، بەڵام بە توركیا دەڵێت دان بە كیانی كوردی رۆژئاوادا نانێین. "
لەبارەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد؛ سەركردەكەی پەكەكە رایگەیاند كە لە سەرەتاوە تا ئێستا پەیوەندیمان لەگەڵ دیمەشق هەبووە، بەڵام یەكدی زۆر نابینین و ئێمە وەفادارین بۆ پەیوەندیمان لەگەڵ سووریا و هەموو ئەوەی لە رابردوودا دیمەشق پێشكەشیی كردووین.
جام كوردی