باوترین ئەو شێرپەنجانە کە تووشى پیاوان دەبن
هەندێک نەخۆشى و شێرپەنجە تایبەت بە پیاوانن و یان هەندێکیان زیاتر تووشى پیاوان دەبن و دەبێت رێکارى رێگرتن بگرنە بەر بۆ ئەوەى لە تووشبوونیان پارێزراو بن.
بەگوێرەى ئەو داتا و توێژینەوانەى کە لەبەردەستدان ئەو نەخۆشیانەى کە تووشى پیاوان دەبن و بە شێرپەنجە کۆتاییان دێت بریتین لە نەخۆشیەکانى کۆئەندامى میز و میزەڕۆ و پرۆستات.
توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن زۆرترین هۆکارى تووشبوون بە نەخۆشى مێزەڵدان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەکتریا و میکروب لەم کۆئەندامەدا کۆ دەبێتەوە و دەبێت زۆر زوو چارەسەر بکرێت ئەگینا خانەکانى تووشى شێرپەنجە دەکات.
پرۆستاتیش رژێنێکە دەکەوێتە ناوچەى ملى میزڵدانى پیاوانەوە و لە سەرەتادا کێشەکانى نادیارن و لە دواى تەمەنى پەنجا ساڵیەوە نەخۆشیەکانى دەر دەکەون.
تویژینەوەکان باس لەو کار و پیشانە دەکەن کە دەبنە هۆى ئەوەى پیاوان تووشى شێرپەنجە ببن کە بریتین لە هەر یەک لە کارەکانى پیشەگەرى وەک نەوت، چەرم، رەنگ کارى، چاپخانە و مادەى کیمیاوى تر هۆکارى سەرەکى تووشبوونى شێرپەنجە لە پیاواندا.
نیشانەکانى تووشبوون بە نەخۆشى و شێرپەنجەى پرۆستاتیش بریتین لە ئازار لە ئێسکە پەیکەردا، کەم خوێنى، سووتانە و ئازار لە کاتى میزکردندا، تا و لەرز و مێزەچرکێ.
چەند هۆکارێکیش پرۆسەى تووشبوون بەم نەخۆشیە خێراتر دەکات وەک زۆر خواردنى گۆشت، جگەرەکێشان، زیادبوونى کێش و هەوکردنى کۆ ئەندامی میز، ئەو کەسانەش خزمان و کەسامى نزیکیان ئەم نەخۆشیەیان هەبووە زۆرتر تووش دەبن.
سەبارەت بە رێگری کردنیش پسپۆرانى تەندروستى ئەنجامدانى تێستى ساڵانە و کەمکردنەوەى ئەو خۆراکانەى دەبنە هۆى تووشبوون بەم نەخۆشیە و زۆر خواردنەوەى ئاو پێشنیار دەکەن چونکە بەم کارە مێزەڵدان لە جۆرەها ژەهر و بەکتریا پاکژ دەێتەوە.
سەرچاوه : سایتی کانالی ئین ئار تی