• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 283
  • سێ شەممه 12/5/1395
  • رۆژژمێر :

چەند زانیارییەکی بەسوود لەسەر دەماربڕینی ددانەکان


خەندان بە ئامانجی وەڵامدانەوەی بەخیشنی زانیاری دروست بە خوێنەرانی دەربارەی دەمار بڕینی ددان و کێشەکانی، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ‌د.جێگر ڕەمەزان ڕەسوڵ پسپۆڕ و بەکالۆریۆس لە نەشتەرگەری دەم و دداندا.

‌ڕەنگە بەشێک لەو نەخۆشانەی کە دەماری ددانیان بڕیوە، گلەیی لە ڕزین و هەڵوەرینی ددانەکانیان بکەن دوای پڕۆسەی دەماربڕین، ئەمەش بووەتەهۆی دروستبوونی وێنەیەک و بیروڕایەکی هەڵە لە لای ئەو نەخۆشانەی کە دەیانەوێت دەماربڕین بکەن بۆ ددانێکی کلۆر و دەمار هەوکردوو، بۆیە پەنا بۆ ددان کێشان دەبەن کە بڕیارێکی زۆر نا زانستی و هەڵەیە.

‌کرداری دەماربڕین چارەسەرە بۆ ئەو ددانەی کە دەمارەکەی تووشی هەوکردن هاتووە، ڕەنگە هەوکردنەکە بەهۆی بەکتریای (کلۆربوون) بێت، یان بەهۆی بێزارکەری کیمیایی و میکانیکی بێت کە جگە لە دەماربڕین ڕێگای تر نییە بۆ چارەسەرکردنی، بە کورتی دەماربڕین بریتییە لە لابردنی دەماری هەوکردوو، دەکەوێتە ناو ڕەگی ددان، دواتر پاککردنەوە و پڕکردنەوەی شوێنی دەمارەکە، لە کۆتاییدا پڕکردنەوەی ددانەکە.

ئەم کردارە لە زۆربەی بارەکاندا (بە نزیکیی٩٥ ٪) بە یەک سەردان تەواو دەکرێت، ڕێژەی سەرکەوتنی دەماربڕین بریتییە لە (٨٥-٩٥٪) بەپێی بارودۆخی ددانەکە.

‌جیاوازی نێوان ددانێکی دەماربڕاو (ددانێکی مردوو) لەگەڵ ددانێکی ئاسایی (ددانێکی زیندوو)، بریتییە لەوەی کە ددانی ئاسایی توانای گونجانی هەیە لەگەڵ ژینگەی ناو دەم، واتا توانای کاردانەوەی هەیە (لە شێوەی هەستی ئازار) بۆ ئەو کردارانەی کە لەناو دەم ڕوودەدەن وەک کلۆریی، زەبر و هێز، ساردی و گەرمی...هتد، لە کاتێکدا ددانی دەمار بڕاو ئەو کاردانەوەی نابێت.

‌ددانی چارەسەرکراو لەم حاڵەتانەدا سەرکەوتوو نابێت و تووشی شکان و هەڵوەرین دێت:

‌1-خراپیی بارودۆخی ددانەکە، بە جۆرێک کە بە دەماربڕینیش چارەسەر نەکرێت، واتا ئەوەندە لە پێکهاتەی ددانەکە نەمابێتەوە کە بتوانرێت پڕبکرێتەوە.

2-ددانێکی دەماربڕاو کە پێویستی بە چیفک (قەپاغی ددان) هەبووبێت و بۆی نەکرابێت.

3-تەواو خاوێن نەکردنەوەی ددان و جێهێشتنی کەمێک کلۆریی، یان پڕنەکردنەوەی ددان بەشێوازێکی گونجاو (لەلایەن پزیشکی ددان).

4- دووبارە کلۆربوونەوەی ددانی دەماربڕاو، بەهۆی گرینگی پێنەدان و پشتگوێخستنی شووشتن و پاککردنەوەی دەم و ددان (لەلایەن نەخۆشەوە).

5- پەستان و هێز خستنە سەر ددانەکە زیاد لە پێویست، واتا بوونی هێز و پەستانێکی زۆر لەسەر ددانەکە کە لە دەرەوەی توانای بەرگەگرتنی ددانەکە بێت.

‌ئەوەی پێویستە بزاندرێت ئەوەیە کە هەڵوەرینی ددان دوای دەماربڕین بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بە دەماربڕینەوە نییە، هەر ددانێک ئەم شتانەی لەسەرەوە باسکران بەسەریدابێت تووشی شکان و هەڵوەرین دێت ئینجا ددانەکە دەماربڕ کرابێت یان نا.

سایتی خەندان