• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 217
  • شەممه 26/4/1395
  • رۆژژمێر :

باهۆز ئەرداڵ:هەواڵی کوژرانی من درۆیە


  پاش چەند ڕۆژ دەنگ و باس لە سەر مان یان کوژرانی باهۆز ئەرداڵ سەرکردەی باڵای پەکەکه ناوبراو له دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕادیۆ دەنگی کوردستان کۆتایی به هەموو پڕۆپاگەندەکان هێنا.
 باهۆز ئەرداڵ، له فەرماندە باڵاکانی پەکەکه و ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی ئەم پارته له دیمانەیەکدا بۆ ڕادیۆ دەنگی کوردستان سەبارەت بەو پڕۆپاگەندانەی ئەم دواییانەی لەمەڕ کوژرانەکەی وتی: ڕاگەیاندنەکانی تورکیا له چەند ماوەی ڕابردوودا هەواڵێکیان بڵاو کردۆتەوه که له ئەنجامی تەقینەوەیەک له قامیشلۆی سووریا من کوژراوم. له ڕاستیدا ئێمه حەزمان له بەرپەرچدانەوەی ئەم پڕۆپاگەندانه نییه. چونکە گەلی ئێمه دەزانن داگیرکەرانی تورکیا 35 ساڵه له هەوڵدان بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان. به درۆ و هەواڵی ناڕاست هەوڵی چەواشە کردنی خەڵک دەدەن.
فەهمان حسێن (باهۆز ئەرداڵ) وتیشی: تورکیا به شکستهێنان له شەڕی دژی کوردستان ڕووی ناوه له شەڕی ناوخۆیی. بەم هەواڵه خاڵه لاوازیی و شکستەکانی خۆی دەشارێتەوه. ئێستا که هەواڵی کوژرانی من بۆته بابەتی سەرەکی هەواڵەکان، پەیامێکم بۆ خەڵک هەیه: "هەواڵێک که له ڕاگەیاندنەکانی تورکیا و دەوڵەتی ئەو وڵاته بڵاوبۆتەوه ڕاست نییه. ئەم هەواڵه بەشێکه له شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورکیا و لەتێک له پازڵەکانی سیاسەتە درۆیینەکانیانە".
ناوبراو له درێژەی وتەکانیدا جەختی کردەوه: به دڵنیاییەوه ئێمه وەک بەشێک له شۆڕشی کوردستان دەتوانین لەم پێناوەشدا بکوژرێین. ئێمه‌ به زانیارییەکی تەواو لە سەر ئەم ڕاستییه ئەم ڕێبازەمان گرتۆته بەر. برادەرانێکی زۆر بەڕێزمان لەم پێناوەدا له دەست داوه و لەو باوەڕەداین که هەر کاممان بشکوژرێین یان بشمێنین ئەم ڕێبازه بەردەوامه. ئێمه ئامادەی کوژرانین. بەڵام له ئێستادا ئەم هەواڵه درۆیه. حکوومەتی پارتی داد و گەشه درۆ دەکات. هەرکات هێزە شەڕڤانەکان له سووریا ئەرکێکی گرینگ ئەنجام دەدەن و گورزێکی کوشنده له داعش دەوەشێنن؛ پارتی داد و گەشه ترسی لێ دەنشێت و هێرش دەکاته سەر هێزە شەڕڤانەکان له باکووری سووریا. چونکە یەکەم ڕەوتێک که پەیوەندی نێوان پارتی داد و گەشه و دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش)ی ئاشکرا کرد هێزە شەڕڤانە کوردەکانی سووریا بوو. پارتی داد و گەشه هەموو جۆره هاوکارییەک ئاراستەی داعش دەکات. چەک، هێزی سەربازی، دەوا و دەرمان و بازرگانی نەوت و هێشتاش لە هاوکاریکردنی داعش بەردەوامە.
باهۆز ئەرداڵ له درێژەی وتەکانیدا وەبیری هێنایەوه: حکوومەتی تورکیا له کوردستانی ئەم وڵاته دەستی داوەته کۆمەڵکوژی. له نێوان تووندوتیژییەک که داعشییەکان له کۆبانی و شەنگال کردی لەگەڵ ئەوەی وا ئەردۆغان له نوسێیبین، جزیره و سور ئەنجامی دەدا هیچ جیاوازییەک بەدی ناکرێت. ئەم حکوومەته له هەمبەر کورد و گەلی تورکیا دەست داوەتە جینایەتی جەنگی. له لێپرسینەوه دەترسێ و هەوڵ دەدات بۆ شاردنەوەی ئەم بابەته. ئێمه وەک سەرباز له هەر شوێنێک پێویست بێت لەوێ ئامادەین. هیچ به پێویستی نابینین که شوێنی خۆمان به دەوڵەتی تورکیا ڕابگەیێنین. شۆڕشی کوردستان فەرمانمان دەداتێ ئەمه ڕاپەڕێنین. منیش وەک سەربازێکی کوردستان له پێناوی کوردستاندا هەرچی پێویست بکات ئەنجامی دەدەم.

کوردپرێس