کورته‌یه‌ک له ژیانی شاعیری به‌ناوبانگ سه‌ید باقر هاشمی
مامۆستا سه‌ید باقر هاشمی ڕۆژی چوارشه‌ممه پانزه‌ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ساڵی 1319ی کۆچی هه‌تاوی له گوندی ته‌م ته‌م سه‌ر به قه‌زای ڕوانسه‌ر له پارێزگای کرماشان له دایکبووه. ناوی باوکی سه‌ید نوره‌دین کوڕی شێخ سه‌ید ئه‌حمه‌د کوڕی سه‌ید شێخ عه‌بدولقادر کوڕی سه‌ید شێخ ڕه‌سووڵی ده‌وڵه‌ت ئاوای ڕوانسه‌ره. به بۆنه‌ی ئه‌وه‌ی که جه‌دی شه‌شه‌می به ناوی سه‌ید شێخ ڕه‌سووڵی دووه‌م له گوندی سۆڵه‌ی قه‌ره‌داغ له پارێزگای سلێمانی ژیاوه، به سۆڵه‌یی ناسراون. ئه‌وان له سه‌یده‌کانی به‌رزه‌نجین و ئه‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ر سه‌ید شێخ عیسی به‌رزه‌نجی.
ناوی دایکی ساحیبه‌یه و کچی ئاغا عه‌نایه‌ته که کتێبی شیعره‌کانی له ساڵی 1378ی کۆچی هه‌تاوی له چاپ دراوه. سه‌ید باقر هه‌ر به منداڵی دایکی مێهره‌بانی کۆچی دوایی ده‌کات و بۆ هه‌میشه ماڵئاوایی لێ ده‌کات. پاش ساڵێک به سه‌ر ئه‌م کاره‌ساته‌دا، باوکی پوری باقر به ناوی ڕابیعه که خۆشکی دایکی بووه، ماره ده‌کات و ده‌توانێت که‌مێک له ئێش و ئازاره‌کانی بێ دایکی بۆ ناوبراو قه‌ره‌بوو بکاته‌وه.
شه‌مه‌نده‌فه‌ری نه‌هامه‌تییه‌کانی باقر هاشمی به‌مه ناوه‌ستێت و له ته‌مه‌نی 4 ساڵیدا برایه‌کی که ته‌مه‌نی ته‌نیا 14 ساڵ بووه جوانه‌مه‌رگ ده‌بێت و ده‌بێت به تاقانه‌ی بنه‌ماڵه‌که‌ی. وه‌رزی به‌هاری ساڵی 1325 له سه‌ر داواکاری باوکی و ئه‌ڵبه‌ت به هۆی لۆمه‌ی خه‌ڵکه‌وه ده‌برێته مه‌کته‌ب لای که‌سێک به ناوی شێخ ڕه‌زا که له خزمه نزیکه‌کانی خۆی بووه. له‌و سه‌رده‌مه‌دا که له مه‌کته‌به‌کان هه‌ندێک لێدانی قوتابییه‌کانیان ده‌کرد باقر هاشمی هه‌ستی به مه‌ترسییه‌کی گه‌وره ده‌کرد، به‌ڵام به دڵنه‌وایی باوکی خوێندنی له مه‌کته‌ب ده‌ستپێکرد. پاش تێپه‌ڕبوونی شه‌ش مانگ به سه‌ر ئه‌مه‌دا باقر هاشمی فێری خوێندن و نووسینی فارسی ده‌بێت و تا پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی له‌و شوێنه درێژه‌ی به خوێندن داوه. قورئان له خزمه‌ت دوو ئامۆزای خۆی به ناوه‌کانی سه‌ید ئه‌نوه‌ر و حاجی شێخ شه‌مسه‌دین فێر ده‌بێت. له مزگه‌وتدا له ئامۆژگارییه‌کانی مامۆستای گه‌وره حاجی شێخ مه‌حمود هاشمی چێژ وه‌رده‌گرێت که ئه‌و به‌ڕێزیشه مامی بووه. چه‌ند به‌شێکی گوڵستانی سه‌عدی لای هه‌ر یه‌ک له مامۆستایان سه‌ید تاها هاشمی و سه‌ید بورهان هاشمی ده‌خوێنێت که ئه‌وانیش ئامۆزای بوون.
ساڵی 1330ی کۆچی هه‌تاوی له گوندی ته‌م ته‌م ده‌ڕواته کرماشان، به هۆی نه‌بوونی بڕوانامه‌ی فه‌رمی چواری سه‌ره‌تایی له قوتابخانه‌ی ڕۆژانه وه‌ریان نه‌گرتووه و به ناچاری له قوتابخانه‌ی شه‌وانه‌ی ئێران خوێندن ده‌ست پێ ده‌کاته‌وه.
پووشپه‌ڕی ساڵی 1333 باوکی له ته‌مه‌نی 48 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. پاش مردنی باوکی، باقر هاشمی واز له خوێندن دێنێت و باری ژیان و گوزه‌رانی ڕۆژانه وای لێ ده‌کات سه‌رپه‌رشتی کشتووکاڵی و ئاژه‌ڵداری خۆیان بکات که به بنه‌ماڵه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند له‌و سه‌رده‌مه‌دا داده‌نران.
ساڵی 1334 حه‌ز و هۆگربوونی به چیرۆکه کوردییه‌کان زیاتر ده‌بێت، ئه‌و چه‌ند چیرۆکێک وه‌ک شیرین و فه‌رهاد، له‌یلێ و مه‌جنوون، خۆرشید و خه‌رامان، بارام و گوڵه‌ندام و هه‌روه‌ها چه‌ند چیرۆکێکی پاڵه‌وانی وه‌ک ڕۆسته‌م و سۆهراب به شێوه‌زاری فارسی ده‌نووسێت که به وته‌ی خۆی، خزم و دۆستانی به ئامانه‌ت بردوویانه و قه‌د نه‌یانگه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
پاییزی ساڵی 1337 سه‌ر له نوێ بۆ خوێندن ده‌گه‌ڕێته‌وه و تا به‌هاری 1338 فارسی و عه‌ره‌بی لای مامۆستا سه‌ید تاها هاشمی و سه‌ید سابیر حوسێنی فێر ده‌بێت. هه‌ر یه‌ک له مامۆستایان هاشم ئستیفایی و میرزا محه‌ممه‌د ته‌قی مه‌حمودی و محه‌ممه‌د تایه‌ر زیایی حیسابی فێر ده‌که‌ن. له تاقیکردنه‌وه‌کانی پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایی شاری پاوه له‌و ساڵه‌دا به‌شداری ده‌کات. له پاییزی هه‌مان ساڵ و به هۆی پێویست بوونی بۆ دامه‌زران، له سه‌ر ئه‌رکی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری بۆ ماوه‌ی ساڵێک ده‌چێته شاری ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوای کرماشان. له ساڵی 1339 ده‌بێته مامۆستای قوتابخانه‌ی گوندی دێسوور سه‌ر به شاری جوانڕۆ. پاییزی ساڵی 1341 دێته شاری جوانڕۆ و سه‌ره‌ڕای ئیش و کاری مامۆستایی درێژه‌ش به خوێندن ده‌دات. له ساڵی 1349 بڕوانامه‌ی دیپلۆم و له ساڵی 1352 بڕوانامه‌ی کارزانی وه‌رده‌گرێت.
مامۆستا سه‌ید باقر هاشمی له ساڵی 1349ی کۆچی هه‌تاوی کوردی نووسینی ده‌ستپێکردووه، له‌م بواره‌دا مامۆستاکه‌ی به ناوی سه‌ید محه‌ممه‌د تایه‌ر سه‌یدزاده‌ی هاشمی زۆر یارمه‌تیده‌ری بووه.
پاییزی ساڵی 1373ی کۆچی هه‌تاوی پاش 35 ساڵ مامۆستایی له قوتابخانه‌کان و له ته‌مه‌نی 54 ساڵیدا خانه‌نشین ده‌بێت، به‌ڵام درگای شیعر و نووسین داناخات و وه‌ک ئه‌ستێره‌یه‌کی پرشنگداری کورده‌واری ده‌دره‌وشێته‌وه. کتێبی شیعره‌کانی مامۆستا سه‌ید باقر هاشمی به ناوی هانای دڵ له چاپ دراوه و ماوه‌یه‌کی زۆره که میوانی دۆستانی فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردییه.
مامۆستا سه‌ید باقر هاشمی له ئێستاشدا له گه‌وره شاری کرماشان درێژه به ژیانی خۆی ده‌دات.
سایتی جام کوردی