• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 2481
  • دوو شەممه 12/12/1392
  • رۆژژمێر :

سەرەتايەك بۆ ناساندني سوڕەتى آل عمران

ئەم سوڕەتە گەورەو پيرۆزە سێيەم سوڕەتە لەڕيزبەندي سوڕەتەكاني ناو قورئاندا و ژمارەي ئايەتەكاني دووسەد ئايەتە، لە مەدينە دابەزيووە، كاتي دابەزيني لەدواي جەنگي (بەدر) تا دواي جەنگي (ئوحود) بوە.

باسەكاني سوڕەتەكە بەگشتي بۆ پاراستني قەوارەي ئيسلامييە لە درزو كەلێن دروست بوون، ئاگادار كردنەوەي تاك و كۆمەڵ و كاربەدەستەكاني ناو ئەو قەوارەيە لەو تەگەرە و مەترسييانەي ڕووبەڕويان دەبێتەوە، نمونەي چارەسەرەكانيش دياري دەكات و بۆ هەر يەكێك لەوانە (تاك و كۆمەڵ و كاربەدەستەكان)، چەند بنەماودەستورێك دەچەسپێنێ‌ بەشێوەيەك كە خۆيان دەست كراوە بن بۆ داناني ياساكان لەژێر ڕۆشنايي ئەو بنەمادەستوريانەدا بەپێي ڕۆژگار تا بتوانن لە هەمووكات وشوێنێكدا خۆيان و قەوارەكەيان بپارێزن لەداڕوخان و تياچوون.

فەرموون ئێوە و باسە بە فەڕو پيرۆزەكاني ئەم پارچە ڕازاوەي قورئان:

خێزان : سوڕەتەكە بەناوي خيزانێكي زۆرسەركەوتوو تۆكمەوە ناو نراوە (بنەماڵە و خێزاني عيمران) وهەر لە بنەماڵەي ئەوانيش باسي خێزاني (زەكەريا) پێغەمبەريش دەكات، خوا ئەو بەڕێزانەي كردۆتە نموونە تا هەموو خێزانێكي ناو قەوارە ئيسلامييەكە شوێن پێي ئەوان هەڵگرن.

خێزاني ئيسلامي دەبێت وەك ئەوان : خواناس، خواپەرست، دەست بەدوعاو پاڕانەوە، خۆپارێز لە تاوان، ڕازي بەقەدەرو بەشي خووايي، دڵسۆزو بەبەزەيي بۆيەكتر، لەخۆ بوردەيي بۆكاري بانگەوازي خواو خۆتەرخان كردن بۆ ئەو مەبەستە.

هەموو ئەمانە و جگە لەمانەش لە تەفسير و ئاماژەي ئايەتەكاني ئەم سوڕەتەدا بەدي دەكەيت.

ناسيني دوژمن و زانيني جۆري پيلانەكاني ئەو دووژمنە : خواي گەورە لەم سوڕەتەدا پەردە لەڕووي دوژمنەكان و مەترسي و تەگەرەكاني ڕێگاي موسڵمانان هەڵدەماڵێت، وەك : ئارەزووەكاني نەفس و بەكارهێناني ئەو حەزانە لەلايەن شەيتانەوە بۆ لەڕێگە لاداني تاكي موسڵمان، پيلاني دڵپيس و فيتنەچييەكان بۆ دوور خستنەوەي موسڵمانان لە قورئان كەسەرچاوەي هێزو ژياني موسڵمانە ؛ بەدروست كردني تەمەومژ لەسەر ئايەتەكان و شوێن كەوتني ئايەتە موتەشابيهەكان، پيلاني مونافيقەكان بۆ ترساندن و ساردكردنەوەي موسڵمانان لە تێكۆشان كاركردن بۆ بەرز ڕاگرتني ديني خوا، پيلاني خاوەن پەيامەكانيتر (گاورو و جوولەكە) لەلايەك بە بەهێز كردني نەيارەكاني ئيسلام بە ماددەو بە مەعنەوييات، لەلايەكيتر بەچەلەحانێ‌ دروست كردن دەربارەي هەموو شتێك بۆ خەريك كردني كۆمەڵي موسڵمانان بەشتي لاوەكي و گومان دروست كردن دەربارەي ڕاستييەكان.

پيلاني بێباوەڕ و موشريكەكان بە دروست كردني هێزي چەكداري بۆ تۆقاندن وپاكتاو كردني موسڵمانان.

هەموو ئەمانەو نمونەي بەرەنگار بوونەوەي هەريەكێك لەمانە دەبيني لەم سوڕەتە پيرۆزەدا.

هەندێ‌ بۆچووني چەوت و ڕاستكردنەوەي بۆچوونەكان : لەناو خەڵكي موسڵماناندا بەدرێژايي مێژوو چەندەها بيرو بۆچووني چەوت و ناڕاست دروست دەبێت و بەداخەوە خاوەني ئەو بۆچوونانە خۆيشيان بەڕاست دەزانن لەبەر ئەوەي هەندێ‌ لەئايەتيان بەدەستەوەيەو دەيكەنە بيانوو بۆ بۆچوونەكانيان و زۆربەي ئەو پشێوي و ئاژاوانە دروست بوون لەجيهاني ئيسلاميدا هۆكەي ئەوەبووە، خواي گەورە لەقورئاندا چارەسەري بۆ ئەوەش داناوە و موسڵمانان ئاگادار دەكاتەوە كەلەم قورئانەدا دوو جۆر لە ئايەت هەيە (محكمات، متشابهات) بۆ تەفسير كردني ئايەتە موتەشابيهەكان دەبێت پشتبە ئايەتە موحكەمەكان ببەسترێت و پێكەوە مەبەست و ماناي لێدەربهێنرێت، بەڵام هەيە بەنيازي فيتنە و پشێوي دروستكردن شوێن ئايەتە موتەشابيهەكان دەكەوێت، لەم سوڕەتەدا مەنهەجي ئەم ئاژاوەچيانە بەمەنهەجي (الزائغين) ناودەبات و ئەوانەش كەتواناي دەرهێناني مەبەست و ماناي ئايەتەكاني قورئانيان هەيە ودەتوانن بەرچاوي خەڵك ڕوون بكەنەوە بە مەنهەجي (الراسخين) ناو دەبات.

لەو بۆچونە ناڕاستانە :

اـ بەستنەوەي هيواكان بەبووني كوڕي زۆر، كوڕ باشترە لەكچ و خزمەتي زياتري پێدەكرێت، بۆ ڕاستكردنەوەي ئەم بۆچوونە خواي (الحكم، العدل) پێوەرەكان دياري دەكات بۆچاكي و باشي هەردووڕەگەزەكە ونمونەي باش بۆ هەردوكيان دەهێنێتەوە و دەريدەخات ئەوان جياوازن لەيەكترو تەواو كەرييەكترن ووەك شەوو ڕۆژ و ئاسمان و زەوين و لەمەترسي خۆشويستني كوڕي زۆريش ئاگاداريان دەكاتەوە.

ب ـ خۆپاراستن لە جەنگ و شوێني مەترسي مردن دوادەخات، بۆ ڕاستكردنەوەي ئەم بۆچوونەش خواي (المحي والمميت) دەريدەخات كە ئەم جۆرە بۆچوونە كێ‌ خاوەنييەتي ولەڕێگەي گفت و گۆوە دەيسەلمێنێ‌ كە بە هەڵەدا چوون ج ـ بەستنەوەي سەركەتن بە هۆكارە دونياييەكانەوە لە زۆري چەك و تەقەمەني زۆري سەربازو باشي خۆ ئامادە كردن و هەروەها لاداني لۆمەي شكستي لەخۆ بەگەڕان بەدواي هۆكاريتردا، خواي (الولي والرافع والمعز) ئەم بۆچوونانەش ڕاست دەكاتەوە بە هێنانەوەي دوو نموونە : سەركەوتن لە جەنگي (بەدر) داو شكستي لە جەنگي (ئوحد)دا.

ح ـ بەرز كردنەوەي هەندێ‌ لە ياراني پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم تا پلەي مەعسومي و نبووەت و نزم كردنەوەي هەندێكي تريان (پەنا بەخوا) بۆ پلەي شەيتان، خواي (العفو و الغفور) دەريدەخات كە هاوەڵەكاني پێغەمبەر (ڕەزاو ڕەحمەتي خوا لە هەموويان) مرۆڤ بوون وقابيلي هەڵەكردن بوون بەڵام زۆر زوو بەخۆدا چوونەتەوەو لەگەڵ ئەوەشداكە ئايەتەكان لەكاتي ئەواندا دادەبەزي وئەزموونيان لەبەردەستدا نەبوو كەچي هەڵەكانيان زۆر دەگمەن بوون و هەرگيز لەسەر هەڵە بەردەوام نەبوون، ئەوان زۆر لەخۆ بووردەو گيان لەسەر دەست و خۆپارێزو دڵسۆزو زانا بوون، ئەوان بەوشێوە بوون خوا وەسفيان دەكات بە زەرعێكي پڕپيتي گەشەسەندوو كەمايەي پياهەڵان بێت لەلايەن زاعەكەيەوە، يان دەربارەيان دەفەرمووێت خوا لەوانە ڕازي بووە، ئەوان بەرهەمي پەروەردەي پڕ حيكمەتي پێغەمبەر بوون، دەبێت جياوازيان هەبێت لەگەڵ خەڵكاني كات وسەردەمە جياجياكاندا چونكە ئەوان بەهەوڵي خۆيان و بەنووري درەوشاوەي پێغەمبەر دڵ و دەرونيان ڕووناك بوبويەوە و بەڵام كەساني دواي ئەوان بەنووري بانگخوازەكانيتر لە سەردەمە جياوازەكاندا دڵ و دەرونيان ڕووناك دەبێتەوە.

زانايي و پلە بەرزي و گەورەي و ئازايي هاوەڵەكاني پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم لەگەورەيي و حەكيمي پێغەمبەرەو هەر كەسێك بيەوێت لەنرخيان كەم بكاتەوە ئەوا دەيەوێت ناڕاستەوخۆ لە ڕێزي پێغەمبەر كەم بكاتەوە، خواي (عليم وعلام الغيوب) دەزانێت كەساني وا دروست دەبن بۆيە بەئايەتي قورئاني بەرگري لە ياراني پێغەمبەر دەكات و يادو باسي چاكي ئەوان بەنەمري و موحكەمي دەهێڵێتەوە.

سەركردەو شوێنكەوتەكاني : لەم سوڕەتە پيرۆزەدا خواي گەورە باسي سيفەتەكاني سەركردەي سەركەوتوو لەگەڵ سيفەت و ئاكاري سەربازو شوێنكەوتووەكانيش باس دەكات و پێغەمبەر و هاوەڵە بەڕێزەكاني باشترين نموونە بوون بۆ بەرجەستە كردني ئەو سيفەتە بەرزانە.

سەركردەي سەركەوتوو دەبێت : نەرموونيان بێت لە ئاستي شوێنكەوتەكانيدا (فبما رحمە من الله لنت لهم)، دەبێت قسە ڕەق و توند گير ودڵڕەق نەبێت بەرانبەر شوێنكەوتەكاني (ولو كنت فظاً غليظ القلب لانفضوا من حولك)، دەبێت لێبوردەو دەست بەدوعاي خێر بێت بۆيان (فاعفوا عنهم واستغفر لهم)، دەبێت گوێ‌ بۆ ڕاوبۆچوونەكانيان بگرێت و گرنگيان پێبدات (وشاورهم في الامر)

سەركردە دەبێت (ڕا ڕا) نەبێت و دواي بڕياردان يەكسەر دەست بكاتە جێبەجێ‌ كردني بڕيارەكان (فاذا عزمت فتوكل علي الله)، دەبێت ئازاو چاونەترس بێت (والرسول يدعوكم في اخراكم)

شوێنكەوتەكانيش دەبێت شياوولێهاتووبن و خاوەني ئەم سيفاتانەبن : گوێگروگوێڕايەڵ بن تەنها بۆ سەركردەي خۆيان (اطيعوا الله والرسول)، (ومن يعتصم بالله فقد هدي الي صراط مستقيم)، نهێني پارێزبن و لە غەيرەدين ئەمين نەبن و نەيانكەنە جێگەي ڕازو نيازي خۆيان (لاتتخذوا بطانة من دونكم لا يالونكم خبالا ودَوا ما عنتم....)، لوت بەرزو خۆهەڵكێش نەبن و بەخۆيان و بازووياندا نەنازن و دواي خۆ ئامادە كردن تەنها پشت بەخوا ببەستن، گوێنەگرن بۆ ديعايەو پڕوپاڵانتەي خاوەن كتێب و دووڕووەكان و لەتێكۆشان سارد نەبنەوە (ياايها الذين امنوا ان تطيعوا الذين كفروا يردوكم علي اعقابكم فتنقلبوا خاسرين بل الله مولاكم وهو خير الناصرين)، ئارامگرتن پيشەيان بێت ويەكڕيزو تۆكمەبن خۆپارێز بن لەتاوان (ياايها الذين امنوا اصبروا وصابروا ورابطوا اتقوا الله لعلكم تفلحون)، ئەو برايەتيەي بەنيعمەتي ئيسلام بۆيان دروست بووە بيپارێزن و ناكۆكي دروست نەكەن و يادي موهاجيرو ئەنسار و ئەوس و خەزرەج بەرز ڕابگرن كەچۆن دواي ناكۆكي بوونە براي گياني بەگياني يەكتر (واعتصموا بحبل الله جميعا ولا تفرقوا واذكروا نيعمە الله عليكم اذ كنتم اعدا‌ء فالف بين قلوبكم....)، هەميشە و هەمووكات دەبێت دەستەو تاقمێك هەبن كاريان بانگەوازكردن بێت بە گرتنە بەري هەموو هۆكارەكان (ولتكن منكم امە يدعون الي الخير ويامرون بالمعروف وينهون عن المنكر....)

پاراستني باري ئابووري بە قەڵاچۆكردني سووخۆري و پيادەكردني ڕێنماييەكاني خواو پێغەمبەري خوا (ياايها الذين امنوا لاتاكلوا الربا اضعافا مضاعفة واتقوا الله لعلكم تفلحون واتقوا النار التي اعدت للكافرين واطيعوا الله والرسول لعلكم ترحمون) .

خواي داناو زانا لەم سوڕەتە پيرۆزەدا جگە لە ڕێنمايي و فەرمانەكاني بۆ پاراستني قەوارەي دروست بووي ئيسلامي، ڕێنمايش دەدات بۆ نەوەستان و بەرەو پێشچووني ئەو دەوڵەت و قەوارەيە ئەويش بەوەي كە دەبێت بەزەويدا ڕۆبچن و بەئاسماندابەرز بنەوەو بە بەناو ئاودا گەشت بكەن تا نهێنييەكانيان بزانن و لە خێري خەڵكي سەرزەويدا بەكاريان بهێنن و جێنشتەيي خۆيان بسەلمێنن و شايەتي بەحەقي ناووە پيرۆزەكان و سيفەتەبەرزەكاني خوابن و ئەوەش بە عامي خەڵك بگەيەنن (ان في خلق السماوات والارض واختلاف الليل والنهار لايات لاولي الالباب...)