• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 102
  • یەكشەممه 13/4/1395
  • رۆژژمێر :

چەن خاڵی بەسود بۆ پەروەردەکرنی منداڵانی ئەم سەردەمه

 

كاركردن لەبواری پەروەردەدا كارێكی ئاسان نییە ، بەڵكو كارێكی زۆر ناڕەحەت و گرانە ، چونكە كاری پەروەردە بریتییە لە بونیادنان و دروستكردنی ئینسان ، ئەڵبەتە كاركردنش لەگەڵ ئینسان زۆر جیاوازە لەگەڵ كاركردن لە هەربوارێكی تردا ، ئەمەش پەیوەندی بەو تایبەتمەندی و سیفاتانەوە هەیە كە ئینسان هەڵگریەتی لە سیفاتگەلێكی وەك ( هەڵچون و توڕەبوون و ئارامی و هێمنی ، پێكەنین و گریان ، شادی و خەمۆكی ، توندو تیژی ولێبوردەیی ...) ، ئەڵبەتە ئەم سیفاتانە ئاست و كات و تەمەنێكی دیاریكراوی نییە ، بەڵكو بەدرێژایی تەمەنی و هەموو ڕۆژێكی ئینسان لەگەڵیدایە ، دەشێ لە ئەمرۆدا كەسێك زۆر دڵخوش بێت و لەسبەینێ دا یاخود لە دوای چەند كاتژمێرێكدا زۆر خەمبار و بێتاقەت بێت .

 

زۆر گرنگە بۆ پەروەردەكاران بەتایبەتی دایكان و باوكان كە ئاگاداری ئەو قۆناغەبن كە كۆمەڵگا تیایدا دەژی و هەروەها زانیارییان هەبێت دەربارەی تایبەتمەندی و پێویستیەكانی ئەو قۆناغەی كۆمەڵگا ، بەتایبەتی لەم قۆناغەی كۆمەڵگای كوردی پیایدا دەڕوات كە شەپۆلێكی گەورەی تەكنەلۆژیا ڕووی تێكردووە لەنموونەی (كۆمپیوتەر و موبایل و ئینتەرنێت ، ...)، زۆربەی ماڵەكانمان یەكێك لەم ئامێرانەی تیایە بەڵام كەمترین دایك وباوك هەیە شارەزایی هەبێت لەم ئامێرانە ، ئەوەی ئەم ئامێرانە بەكاردێنێت زۆرینەیان منداڵی ناو خێزانەكان بەكاری دێنن ، ئەمانش بەهۆی كەم ئەزمونیان ناتوانن شتە باش و خراپەكان لەیەكتر جیابكەنەوە، هەربۆیە بە جۆرێك لە جۆرەكان ئەم تەكنەلۆژیا پەروەردەی نەوەكانمان دەكات ، ئەمەش دیسانەوە ئەركی دایك و باوك قورستر دەكات ، بەتایبەتی ئەو دایك و باوكانەی كە ئاگاداری ئەو گۆڕانكارییانە نین و تێنەگەیشتون لەو قۆناغەی ئێستا ، كە ئەمەش دەبێتە مایەی دروستبوونی كۆمەڵێك كێشە و گرفتی خێزانی و پەروەردەیی ، چونكە كاتێك دایك و باوك نەیتوانی لە پێویستیەكانی و كێشەو گرفتەكانی منداڵەكەی تێبگات كە ئەم سەردەمە تازەیە لەگەڵ خویدا هێناوییەتی ئەوا بێگومان ناشتوانێت پەروەردەی منداڵەكەی كۆنترۆڵ بكات و ئاڕاستەی بكات بەرەو ڕێگەیەكی دروست كە سودی بۆ خۆی كۆمەڵگاكەی هەبێت .

هە ندێ لەدایكان و باوكان تاكو ئێستاش لەو باوەڕەدان كە ئەو پەروەردەیەی خۆیانی لەسەر پەروەردەكراون لە قۆناغی منداڵیدا دەكرێت بۆ ئەم سەردەمەش سودی لێ ببینرێت و بەهەمان شیوەش منداڵەكانی خویانی لەسەر پەروەردە بكەن بەبێ ڕەچاوكردنی ئەو گۆڕانكاری و دۆخە كلتورییەی بەسەر كۆمەڵگادا هەیە ، هەر بۆیە زۆربەی ئەو دایك و باوكانەی كەئەم جۆرە بیركردنەوەیان هەیە بەردەوام گلەیی و ناڕەزایی و كێشەیان هەیە دەربارەی ڕەفتار و داواكاریی و پێویستیەكانی منداڵەكەیان لە نموونەی داواكاری و پێداویستگەلێكی وەك( خەرجی ڕۆژانە ، جلوبورگ ، شێوازی خواردن و نوستن و پێداویستیەكانی ئامێرە جیاوازەكانی پەیوەندیكردن و زانیاری ...).

گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم دایك و باوكدا بۆ ئەوەی نەتوانن پەروەردەیەكی دروستی ڕۆڵەكانیان بكەن بریتییە لەڕێك نەكەوتنی هەردوولا لەسەر یەك جۆر بەرنامەی پەروەردەیی تاكو منداڵەكانیان لەسەر پەروەردە بكەن و ڕەفتار و هەڵسوكەوتە چەوتەكانیان بۆ ڕاست بكەنەوە و بەرەو ئاڕاستەیەكی دروستی بەرن ،هەر كاتێكش ئەم ڕێككەوتنە لەنێوان دایك و باوكدا نەبوو ئەوا بێگومان ئەو منداڵە توشی جۆرێك لە ناهاوسەنگی پەروەردەیی دەبێتەوە و دەكەوێتە بەردەم دوو جۆر پەروەردەی جیاوازەوە كە نەتوانێت ڕەفتاری ڕاست و هەڵە لە یەكتر جیابكاتەوە، ڕەنگە ئەم منداڵە بكەوێتە ژێر كاریگەری كەسانی دیكەو گروپی دیكەوە و ببێتە هەڵگری پەروەردەی ئەو كەسانەوە ، بەتایبەتی ئەو كەس و گروپانەوە كە لە هاوتەمەنی خۆیدان كە زۆرجار ڕەگە بەڕێگەیەكی هەڵەدا ئاراِستەی بكەن كە لە دواجاردا دەبێتە مایەی كێشەوگرفت بۆ خودی خۆی و خێزانەكەیی كۆمەڵگاكەی .