• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 2630
  • دوو شەممه 6/9/1391
  • رۆژژمێر :

مه‌وله‌وى و عێشقى ئه‌فلاتوونى

عێشقى زه‌مينى گيروده‌ى ڕواڵه‌ت و جه‌سته‌يه‌، گيروده‌ى شته‌ زوو تێپه‌ڕ و ژاكاوه‌كانه‌، نه‌ عاشقى خووخده‌ و گيان و زانايى و وره‌ى به‌رز. عێشقى زه‌مينى عێشقێكى پيس و پۆخڵه‌. ئه‌م جۆره‌ عێشقه‌ كه‌م ته‌مه‌ن و بێ ده‌وامه‌، بێ جێقڵدان و ته‌نگه‌لايه‌. زوو ده‌مرێ و زووش قيبله‌ ده‌گۆڕێ. ئه‌و كاته‌ جوانى و شۆخ و شه‌نگى يار كۆتايى هات و ئاوابوو، عێشقه‌كه‌ش چۆڕايى دێت و به‌ره‌و يارێكي‌تر و به‌ره‌و قيبله‌يه‌كي‌تر روگه‌ى خۆى ده‌گۆڕێ. هه‌موو به‌ڵێن و په‌يمانه‌كان ئه‌وكات پووشێك ناكه‌ن.

به‌ڵام عاشقى ڕاسته‌قينه‌ له‌ مه‌عشووقدا و له‌ قيبله‌كه‌يدا ژيرى و زانايى و ڕاستى و گيانى به‌رز ده‌بينێت. ئه‌مانه‌ نه‌ته‌نيا له‌ درێژايى زه‌ماندا كه‌م نابنه‌وه‌، به‌ڵكوو رۆژ به‌ ڕۆژ زياتر ده‌بن و عاشق بۆ ئه‌م عێشقه‌ هه‌ركارێك بكات و هه‌ر جموجۆڵێك بنوێنێ نه‌ ته‌نيا به‌ كاسه‌لێسى و چه‌رپ‌زوانى ناكرێ دابنرێت به‌ڵكوو پێويسته‌ وه‌فادار و له‌ سه‌ر به‌ڵێن بمێنێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر مه‌عشووقه‌که‌ش تاقه‌ دينار و زه‌ڕيکى دونيايى نه‌بێت، ئه‌وسا عاشق سه‌ربه‌رزتر ده‌بێت، چوون ده‌رده‌كه‌وێ بۆ شتى دونيايى و بۆ شتى مادى عاشق نه‌بووه‌. ئه‌و عاشقى زانايى و ڕۆح و گيانى ياره‌ نه‌ ڕواڵه‌ت و شته‌ ئاشكراكان.

عێشقى زه‌مينى گيروده‌ى ڕواڵه‌ت و جه‌سته‌يه‌، گيروده‌ى شته‌ زوو تێپه‌ڕ و ژاكاوه‌كانه‌، نه‌ عاشقى خووخده‌ و گيان و زانايى و وره‌ى به‌رز. عێشقى زه‌مينى عێشقێكى پيس و پۆخڵه‌.

كاتێك ده‌كه‌وێته‌ نۆره‌ى ئه‌ريستۆفانێس به‌ هۆى زۆرخواردن يان هه‌ر هۆيه‌كي‌تر تووشى نزگه‌ره‌ و نزگه‌ره‌ لێدان بووه‌ و ناتوانێ قسه‌ بكات . له‌ جياتى ئه‌و ئه‌روكسى ماخووس كه‌ پزيشكه‌ وته‌كانى خۆى پێشكه‌ش ده‌كات.

 هه‌روه‌ها به‌و چه‌شنه‌ى پوزانياس وتى جێبه‌جێ كردنى وازى پياوى چاك كارێكى باشه‌ و جێگاى ڕێز، به‌ڵام جێبه‌جێ كردنى وازى پياوى ناچاك و ناله‌بار كارێكى نه‌شياوه‌، له‌شى مرۆ ڤيش هه‌ر به‌و ته‌رزه‌يه‌ كه‌ پوزانياس وتي. واته‌ پێويسته‌ له‌ له‌شدا توخمه‌ سالم و ساغه‌كان به‌خێو بكه‌ين و ئه‌و مه‌يل و وازانه‌ش ده‌بنه‌ هۆى نه‌خۆشى و ئاڵۆزى سه‌ركوت بكه‌ين. دياره‌ ئه‌مه‌ش ئه‌ركى پزيشكه‌ ئه‌وانه‌ فێر بكات. له‌ يه‌ك ڕسته‌دا ده‌كرێ بێژين زانستى پزيشكى يانى ئاگابوون به‌ عێشقه‌كان و تاسه‌كانى له‌شى مرۆ ڤ له‌ گه‌ڵ به‌خێو كردن و سه‌ركوت كردنيان. پزيشكى كارامه‌ ئه‌و كه‌سه‌يه‌ بتوانێ شاره‌زايانه‌ عێشقى چاك و خراپ له‌ له‌شدا جيا بكاته‌وه‌ و عێشقى خراپ و وازى ناله‌بار به‌ره‌و عێشقى چاك و وازى درووست بگۆڕێ. ئه‌و كه‌سه‌ى بتوانێ چۆن چۆنى ساردى و گه‌رمي، تاڵى و شيريني، ويشكى و نم پێكه‌وه‌ بگونجێنێ، ئه‌وه‌ پزيشكى كارامه‌يه‌. ئه‌و كه‌سه‌ى بۆ يه‌كه‌م‌جار ئه‌و كاره‌ى كردبێت به‌ دامه‌زرێنه‌رى زانستى پزيشكى داده‌نرێ.

له‌ هونه‌رى مۆسيقاشدا پێكه‌وه‌ گونجان و سازگاركردنى توخمه‌كان سه‌ره‌كيترين كاره‌. كه‌وابوو كارى مۆسيقاش درووست كردنى عێشق و ئه‌وين و دووستييه‌. لێره‌ش هه‌ر ئه‌و دوو جۆره‌ عێشق و ئه‌وينه‌ بوونى هه‌يه‌. لێره‌ عێشقى ئاسمانى ئامانجى ئه‌وه‌يه‌ تا شادى و خۆشى و كه‌يف، پێشكه‌شى خه‌ڵكانى ژير و خاوه‌ن پڕه‌نسيپ بكات. جۆرێكي‌تر، عێشقى زه‌مينى و عێشقى بازاڕى و كووچه‌ و كۆڵانييه‌. ده‌بێ له‌ مۆسيقادا زۆر ئاگادارى ئه‌م عێشقه‌ بين تا به‌ لاڕێمان نه‌بات. ده‌بێ وريابين تا ئه‌م مۆسيقايه‌ دنه‌ى هه‌وه‌س و وازه‌ پيس و قيزه‌ونه‌كان نه‌دات. كه‌وابوو له‌ زۆر شت و له‌ زۆر ديارده‌دا دوو چه‌شن عێشق هه‌يه‌. پێويسته‌ پاش ئاگادار بوون له‌م بواره‌دا به‌ پێى هه‌لومه‌رج هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ين.
سووڕى وه‌رزه‌كانى ساڵيش هه‌ر به‌و جۆره‌يه‌. ئه‌و كات توخمه‌ دژه‌كان وه‌كوو سه‌رما و گه‌رما، ويشكى و ته‌ڕى له‌ گه‌ڵ يه‌ك عێشق و موحه‌ببه‌تى ئاسمانييان پێكه‌وه‌ هه‌يه‌، وێرانى و خاپوور كردن به‌دى ناكرێت. ئێتر بۆ خه‌ڵك و بۆ رووه‌ك و زێنده‌وران سڵامه‌تى و ئاوه‌دانيان لێده‌كه‌وێته‌وه‌.

 به‌ڵام ئه‌و كاته‌ى عێشقى ئاسمانى پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه‌ و عێشقى زه‌مينى سه‌رده‌كه‌وێت، ئه‌و كات رووه‌ك و گيانله‌به‌ره‌كان  تووشى ناخۆشى و ده‌رد و كه‌سه‌ر ده‌بن، وێرانى و ئاڵۆزى و بشێوى به‌رهه‌م دێت. ته‌رزه‌ و بۆران به‌رهه‌مى عێشقى زه‌مينين. زانستێك له‌م باره‌وه‌ باس ده‌كات زانستى ئه‌ستێره‌ناسييه‌.

قوربانى كردن بۆ خواكان و خه‌ڵات كردنيان، كار و ئيشى كاهێنه‌كانه‌ تا بتوانن به‌و بۆنه‌وه‌ عێشقى چاك بپارێزن و په‌ره‌ى پێبده‌ن و ده‌رمان و عه‌ڵاجى عێشقى خراپ بكه‌ن و به‌رى پێ بگرن. ئه‌ركى سه‌رشانى كاهێنه‌كانه‌ ئه‌و كاته‌ى ئاسه‌وارى عێشقى زه‌مينى ده‌رده‌كه‌وێ، ده‌ستوبرد هه‌ڵسن تيمارى بكه‌ن و چاره‌ى بۆ بدۆزنه‌وه‌. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى زانست و به‌هره‌ى ئه‌وان له‌ نێوان خوا و خه‌ڵكدا، مه‌حه‌ببه‌ت و وه‌فا و مێهره‌بانى درووست ده‌کا.

به‌ڵێ، ئه‌مه‌يه‌ هێز و تواناى بێ كه‌وشه‌نى عێشق. به‌ تايبه‌ت ئه‌و عێشقه‌ى رووى له‌ نيكى و ئارێتێ و راستى و دادپه‌روه‌رييه‌. عێشق له‌ نێوان خواكان و له‌ نێوان مرۆ ڤه‌كان له‌ به‌هێزترين هێزه‌كانه‌. عێشق ژێده‌رى خۆشييه‌كانى ئێمه‌يه‌. له‌ به‌ينى ئێمه‌ و خواكاندا كه‌ له‌ ژوورى سه‌رمانه‌وه‌ن، خزمايه‌تى و دۆستى بنيات ده‌نێ.

ده‌كرێ ئه‌وه‌ لێره‌دا زياد بكه‌ين و بڵێين ئێروسى خراپ و چه‌وت ده‌بێته‌ هۆى شڵه‌ژاوى و ئاژاوه‌ و شپرزي، كه‌چى ئێروسى باشيش هه‌وێنى سازگارى و پێكه‌وه‌ گونجان و ته‌كوزمه‌ندييه‌. كه‌وابوو پێويسته‌ ته‌نيا ئێرۆسى نيك په‌روه‌رده‌ بكرێت و بگه‌شێندرێته‌وه‌. ئيروس هۆكارى بوونابوون و به‌رده‌وامى بوونه‌.

پاش ئه‌رۆكسى ماخووس، ئه‌ريستۆفانێس ده‌ست پێ ده‌كات. سه‌ره‌تا نه‌ختێ له‌ گه‌ڵ ئه‌روكسى ماخووس شۆخى ده‌كات. پاشان وه‌ك شاعێرێكى كۆمێدى نووس كه‌ چاوه‌ڕوانى لێ ده‌كرا، وێنه‌يه‌كى خه‌ياڵى و سه‌يروسه‌مه‌ره‌ وێنا ده‌كات. ده‌ڵێ:

به‌ باوه‌ڕى من ڕه‌گه‌زى مرۆ ڤ تاكوو ئێستا نه‌يتوانيوه‌ عێشق به‌ باشى بناسێت. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى ئه‌گه‌ر به‌ باشى و به‌ ڕێكوپێكى عێشقى ناسيبا، ئه‌وا تا هه‌نووكه‌ ده‌بوايه‌ مێحراو و په‌ره‌سگه‌ و باره‌گايه‌كى ڕازاوه‌ى بۆ درووست كرابا. به‌ڵام ئه‌م كاره‌يان نه‌كردووه‌ و پێويسته‌ بيكه‌ن. چوون عێشق نزيک‌ترين هه‌ ڤاڵى ئێنسانه‌ و هه‌توانى هه‌موو ئازارێكه‌. ڕێگه‌چاره‌ى هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌يه‌ ڕێگرى ڕێگاى به‌خته‌وه‌رى ئێنسانن. به‌ڵام ئێستا ئه‌مه‌وێ له‌ سروشتى مرۆ ڤ نه‌ختێ بۆتان بدوێم، ئه‌مه‌وێ ئه‌و شته‌ى به‌ سه‌ر مرۆ ڤدا هاتووه‌، وه‌ بيرتان بێنمه‌وه‌.

 كه‌وابوو مه‌يلى په‌يوه‌ندى گرتن و حه‌زى له‌ ئامێز گرتن له‌و ڕۆژه‌ به‌دواوه‌ له‌ ناو ئێمه‌ى مرۆڤدا چه‌كه‌ره‌ى كرد و شين بوو. ئێمه‌ى مرۆ ڤ ئه‌مانه‌وێ به‌ هۆى ئه‌م په‌يوه‌نده‌وه‌ زامى جيايى ساڕێژ بكه‌ينه‌وه‌ و به‌ره‌و سه‌رچاوه‌ى خۆمان بگه‌ڕێينه‌وه‌. مرۆ ڤ كاتێ تووشى ئه‌و نيمه‌كه‌ى خۆى ده‌بێته‌وه‌ هه‌ستێكى خۆش و هه‌ژێنه‌ر تووشى ده‌بێت.

پاش ئه‌م وێناخه‌ياڵى و سه‌ير و سه‌مه‌ره‌ كه‌ له‌ هه‌ناويدا ئه‌نديشه‌يه‌كى جێدى خۆى حه‌شار داوه‌ . نۆبه‌ت نۆبه‌تى ئاگاتۆنه‌ كه‌ باوه‌ڕه‌كانى خۆى بێنێته‌ شرۆ ڤاندن. ئاگاتۆن كه‌ بوَ وتاربێژى و بژارده‌ بێژى به‌ناوبانگه‌، له‌ ڕێگه‌ى وته‌كانى ئه‌مه‌وه‌ ورده‌ ورده‌ به‌ستێنى مێتۆدى سوقراتي- ئه‌فلاتوونى بۆ باس كردن له‌ سه‌ر عێشق ئاماده‌ ده‌بێ . ئاگاتۆن به‌م جۆره‌ى خواره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات:

وتار بێژانى به‌ر له‌ من له‌‌جياتى ئه‌وه‌ى خواى عێشق په‌سن بكه‌ن و پێيدا هه‌ڵ بڵێن، زياتر په‌رژانه‌ سه‌ر عێشق، تا به‌و بۆنه‌وه‌ پيرۆزبايى له‌ مرۆ ڤ بكه‌ن كه‌ له‌ نێعمه‌تى عێشق به‌هره‌وه‌رن، به‌ڵام له‌ سرووشت و حه‌قيقه‌تى خودى عێشق، كه‌له‌ پێناو ئه‌ودا مرۆ ڤ به‌م هه‌مووخه‌ڵاته‌ ده‌گا، به‌داخه‌وه‌ شتێكيان نه‌گوت. به‌ كورتى ئه‌وان له‌و به‌خته‌وه‌رييه‌ كه‌ ئێروس خه‌ڵاتى ده‌كا باسێكيان نه‌كرد، هه‌روه‌ها له‌ چييه‌تى ئيروس شتێكيان نه‌گوت. كه‌وابوو من سه‌ره‌تا به‌ عێشقدا هه‌ڵ ده‌ڵێم و پاشان له‌‌نێعمه‌ته‌كانى ده‌دوێم.

خواى عێشق له‌ پيرۆزترين و مه‌زنترينى خواكانه‌. چوون ئه‌و جوانترين و قۆزترين و باشترينى ئه‌وانه‌. به‌ پێچه‌وانه‌ى راى فايدرووس خواى عێشق له‌ كۆنترين خواكان نييه‌، به‌ڵكوو لاوترينى خواكانه‌ و پيرى ده‌ستى ناگاته‌ خواى عێشق...

منبع:هفته نامه سيروان