• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 162
  • شەممه 17/7/1395
  • رۆژژمێر :

شەڕ لە نێوانی عێراق و تورکیا پێش ئەدات؟

لە کاتێکدا کە چەندین مانگ بە سەر لەشکرکێشی بێ موڵەتی سوپای تورکیا بۆ ناوچەیەکی نزیک شاری موسڵ تێپەڕ دەبێت، ئاڵۆزییە سیاسییەکانی نێوان بەغدا و ئەنکەرە جارێکی دیکە سەری هەڵداوەتەوە. حەیدەر ئەلعبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق هۆشداری ئەوەی دا کە پیلانەکانی تورکیا ببێتە هۆکاری سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانی ناوچەیی و لە هەمان کاتدا دژایەتی خۆیی بۆ ئەوەش ڕاگەیاند کە بە شێوازی سەربازی مامەڵەی دەرکردنی ئەو هێزانە لە خاکی عێراق بکرێت. ڕۆژی سێ شەممە پاش ئەوەی کە پارلەمانی عێراق داوای پاشەکشەی هێزەکانی تورکیای لەم وڵاتە کرد، ئەنکەرە باڵوێزی بەغدای بانگهێشت کرد.



لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو کە هێزە تایبەتەکانی تورکیا بە بێ هەماهەنگی و ڕەزامەندی حکومەتی بەغدا لە نزیک شاری موسڵ جیگیر بوون، تا مانگی ڕابردوو کە سوپای تورکیا شاری جەرابلۆسی سوریای داگیر کرد، پیلانەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویان لە زیادبوون کردووە. حەیدەر ئەلعبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە بەغدا وتی: هاتنی هێزی دەرەکی بۆ عێراق هەنگاوێکی قبووڵکراو نییە و ئێمە دژایەتی هاتنی هەر هێزێکی دەرەکی دەکەین. ئێمە بە چەندین جار داوامان لە تورکیا کردووە لە کاروباری ناوخۆیی عێراق دەستێوەردانی نەبێت. من لەوە نیگەرانم کە پیلانەکانی تورکیا بگاتە شەڕێکی ناوچەیی.

ئەلعبادی وتی: ئامادەبوونی هێزەکانی سوپای تورکیا لە عێراق بێ ڕێزییە بەرامبەر بە سەروەری خاکی وڵات. هاوپەیمانی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە گەڵ ئەم هەنگاوەی ئەنکەرە نییە.

ناوبراو وتی: ئێمە پلانی ئەوەمان داڕشتووە کە هێزەکانی تورکیا پاش سەرکەوتنی هێزەکانمان لە موسڵ لە دۆخەکە بە مەبەستی خوازراوی خۆیان کەڵک وەرنەگرن. هەڵسووکەوتی ڕێبەرانی تورکیا بە هیچ شێوازێک قبووڵکراو نییە و ئێمە نامانەوێت لە گەڵ تورکیا بچینە شەڕێکی سەربازییەوە.

هەندێک لە چاودێرانی نێودەوڵەتی لەو بڕوایەدان کە ئامادەبوونی سەربازی هاوکاتی تورکیا لە باکوری عێراق و باکوری ڕۆژئاوای سوریا بە مەبەستی کاریگەریدانانە لە سەر دۆخی ئەم دوو وڵاتە لە پاش شکستی گرووپە تیرۆریستییەکان.

ئەلعبادی هەروەها وتی کە بڕیاری داوە لە داهاتوویەکی نزیکدا شوێنی وەزارەتە بێ وەزیرەکان پڕ بکاتەوە. ناوبراو جەختی لە سەر یەکگرتوویی هەڵوێستی سیاسی لە وڵاتدا کردەوە و وتی: ناکۆکییەکان بوون بە هۆی لاوازبوونی دۆخی ناوخۆیی و کەوتنی شاری موسڵ.

سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: چارەسەربوونی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بە یەک یان دوو کۆبوونەوە ناکرێت. دەتوانین ئەم کێشانە لە ڕێگای عێراقێکی یەکگرتووەوە چارەسەر بکەین. حکومەتی عێراق بە سیستەمی لامەرکەزییەت ڕەزامەندە.

لە کاتێکدا کە سوپای تورکیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەیان هێزی سەربازی و 25 تانکی لە بنکەی سەربازی بەعشیقە لە باکوری ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵەوە جێگیر کردووە، حکومەتی عێراق ئەم کردەوە بە دەسدرێژی بۆ سەر خاکی خۆی ناو دەبات و بە دەیان جار داوای لە ئەنکەرە کردووە پاشەکشە بەو هێزانە بکات. سەرەڕای ئەمەش تورکیا ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی لە سەر داواکاری حکومەتی عێراق و بە ئامانجی مەشق و ڕاهێنانی هێزە خۆجێییەکان لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە بەعشیقە جێگیر کردووە.

پاش ئەوەی کە تانکەکانی سوپای تورکیا لە چوارچێوەی پرۆسە سەربازییەکانی قەڵغانی فۆرات شاری جەرابلۆسی سوریایان داگیر کرد، پیلانەکانی ئەم وڵاتە گەیشتووەتە بەشی ڕۆژهەڵاتی حەلەب.

هەواڵدەری سپۆتنیک ڕاپۆرتی داوە کە لە ئاکامی هێرشی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیا بۆ ناوچەی ئەلبابی حەلەب، 28 کەس کوژران و 100 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها سوپای تورکیا لە ڕاگەێندراوێکدا باسی کوژرانی سەربازێکی خۆیی لە سوریا کردووە. بەرفراوانتربوونی ئامادەبوونی سەربازی تورکیا لە سوریا و عێراق پیشاندەری ئەوەیە کە ئەنکەرە لە پێناو مسۆگەربوونی ئامانجە ناوچەییەکانی پەنای بۆ هێزی سەربازی هێناوە و ئەمەش دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکات و دیار نییە لە داهاتوودا چە کێشە و گرفتێکی دیکەی بە دواوە دەبێت.


سەرچاوه : سایتی جام کوردی