ئیسماعیل حوسێنپوور،شاعیر و ڕۆشنبیری کوردی خۆراسان
ئیسماعیل حوسێنپوور، شاعیر و ڕۆشنبیری کوردی خۆراسان، لە ٩ی ڕێبەندانی ١٣٥٠ (٢٩ی ژانویهی ١٩٧٢) لە گوندی «سەردارئاباد»ی سەر بە «شیروان» لە دایک بووە و سەرەتای خوێندنی لە هەمان شوێن دەستپێکردووە. پاشان بۆ درێژەی خوێندن هاتووەتە شیروان.
ساڵی ١٣٧٢([١٩٩٣) وێژە و ئەدەبی فارسی لە فێرگەی مامۆستایانی شاری مەشهەد تەواو کردووە. بە دوای ئەودا لیسانسی ئەدەبی فارسی لە زانستگای ئازادی شیروان وەرگرتووە. ساڵی ١٣٨١[٢٠٠٢] لە زانستگای «سەبزەوار» دەرچووە و دوای دوو ساڵ بە داکۆکی لە بڕوانامەکەی لەسەر «شیکردنەوەی بابەتیی گۆرانیی کوردیی خۆراسان» فەوقی لیسانسی زمان و ئەدەبی فارسی لە هەمان زانستگا وەرگرتووە.
ساڵی ١٣٧٠[١٩٩١] یەکەم بەرهەمی شێعریی خۆی خولقاندووە، کە مەسنەوییەکی درێژە بە ناوی «وەلاتێ من» و لە مێژووی زێدی لەدایکبوونی دەدوێ. لە ساڵی ١٣٧٤[١٩٩٥]ەوە شێلگیرتر لە بواری شێعری کوردییەوە هەوڵی داوە و تا ئێستا بە ئامادەکردنی چوار کتێب لەم بوارەدا بەردەوامە. ماوەی بیست ساڵە لەسەر فەرهەنگ و کەلەپوور و وێژەی باکووری خۆراسان دەکۆڵێتەوە و ژمارەیەک وتاری بە کەڵکی لە گۆڤار و بلاڤۆکەکانی ناوخۆ و بە تایبەت ناوچەدا بڵاو کردووەتەوە.
بۆ ئاگاداری لە باری فەرهەنگیی کوردانی خۆراسان و چالاکییەکانی نووسەران و شاعیرانی ئەم دەڤەرە، هەروەها ناساندی هەوڵی بیست ساڵەی خۆی، شەوی ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٠ [٢٠ی جوونی ٢٠١١] لە شاری شیروان، به یهکهوه دانیشتین و لهم بارهوه دواین.
سەرچاوه: سایتی ویکی پدیا- کورد پدیا
سەید عەبدوڵڵا سەمەدی