• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 148
  • چوار شەممه 19/3/1395
  • رۆژژمێر :

عیمارەتی سالار سەعید بینایەکی ڕەسەن لە ناو دڵی سنە

عیمارەتی سالار سەعید یەکێک لە بینا مێژووییەکانی پارێزگای کوردستانە کە کراوەتە مۆزەخانەی شاری سنە.

لە میراتی فەرهەنگی عیمارەتی سالار سەعید بینایەکی مێژووییە و ئێستا کراوەتە مۆزەخانەی شاری سنە. ئەم مۆزەخانەیە لە شەقامی ئیمام، کۆڵانی حەبیبی و لە بەشی دەرەکی عیمارەتی مەلا لوتفوڵڵا شەیخولئیسلامدایە و تێیدا ئاسەوار و شت و مەکی مێژوویی دۆزراوەی پارێزگا و شوێنەکانی دیکەی ئیران ئاراستەی خەڵک کراوە. ئوڕووسییەکانی مۆزەخانەی سنە نوێنەکێکی ئوڕووسی سازی و کاری وەستاکارانی سنەییە.

کورتە مێژوو

عیمارەتەکە لەسەر داواکاری مەلا لوتفوڵڵای شەیخولئیسلام ساز کراوە و پاش کۆچی دوایی ئەو لەلایەن نەوەکانییەوە کراوەتە دوو بەشی جیاواز و فرۆشراوە. بەشی ناوەکی بۆتە مڵکی بنەماڵەی حەبیبی و بەشی دەرەکیش بۆتە مڵکی "عەبدولحەمید خان سنەیی" (سالار سەعید) و ئەمڕۆکە هەر کام لە بەشەکانی ئەو بینا یەکپارچەیە بە نێوی خاوەنە نوێکەیانەوە دەناسرێن. سالار سەعید بەشی دەرەکی عیمارەتەکەی لە ساڵی 1١36 ئاراستەی ئیدارەی فەرهەنگ کرد و تا ساڵی 1351 ئەو بەشە لە دەستی ئیدارەی فەرهەنگدا بۆ چەند کاڕێک وەکوو دانشسەرا، کتێبخانە و یانەی پیشاهەنگان کەڵکی لێوەردەگیرا. هەر لەوساڵەدا لە لایەن وەزارەتی فەرهەنگ و هونەری ئەو کاتەوە بۆ دامەزراندنی مۆزەخانە لەبەر چاو گیرا و پاش نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردن لە ڕەزبەری 1354 بە ناوی مۆزەخانەی سنە کرایەوە. بەشی ناوەکیش تا ساڵی 1371 لە دەستی بنەماڵەی حەبیبی بوو. لەو ساڵەدا کەوتە دەستی میراتی فەرهەنگی و گەشتیاری کوردستان.

دیزاینی عیمارەت

ئەم خانووە یەکێک لە بینا مێژووییەکانی پارێزگای کوردستانە کە کراوەتە مۆزەخانەی سنە، عیمارەتەکە لە کۆتاییەکانی سەردەمی ناسرەدینی قاجار دروست کراوە. شێوەی دروست کردنەکەی لە ژێر کاریگەری نژیارڤانی سەردەمی قاجار بووە. ژێرخانی عیمارەتەکە حەوزێکی هەیە و میچێکی گونبەدی کە بە شێوەیەکی جوان ڕازاوەتەوە، بیناکە لە بەرد، ئاجۆڕ و چێو دروست کراوە و پشت بانەکەشی شیروانییە. جوانترین و سەرنج ڕاکێشترین بەشی بیناکە دەلاقە ئوڕووسییەکانی نێو هاڵەکەن کە حەوت دەرگایان هەیە و بۆ خۆیان شاکاڕێکی هونەرین.

مۆزەخانەی سنە لە ناوەندی شار لە شەقامی ئیمام خومەینی و لە پەنای بیناکانی عیمارەتی ئاسەف وەزیری، مزگەوتی جامیعە، ماڵی موجتەهدی دایە. مۆزەخانەکە هەر لە سەرەتای دامەزرانەوە دوو بەشی کۆنینەناسی و مرۆڤناسیی هەبووە. لە بەشی کۆنینەناسیدا شتومەکی سەردەمی جۆراوجۆر لە پێش مێژووەوە تا سەردەمی قاجاری تێدایە کە بەشێکیان هی پارێزگای کوردستانن و هەندێک هی پارێزگا دراوسێکان و بڕێکیتریش هی پارێزگاکانی دیکەن یان خۆ لەلای قاچاخچیەکان دۆزراونەتەوە.

بەشی مرۆڤناسی مۆزەخانە پێش لە شۆڕش بە شێوەی پیشانگای کاتی بەڕێوە دەچوو و هەر ماوەیەک جاڕێک شتومەکی پارێزگایەکی وڵاتیان بۆ پیشان دان لەم بەشە دادەنا. بەڵام پاس شۆڕشی ئیسلامی ئەم بەشە تەرخان کرا بۆ پیشاندانی ئاسەواری مرۆڤناسی کوردستان و پاش دامەزراندنی یانەی کورد لە ساڵی 1382 شتومەکی مرۆڤناسی مۆزەخانەکە بۆ عیمارەتی ئاسەف وەزیری (یانەی کورد) گۆزرایەوە و هەمووی بۆشایی مۆزەخانەکە بۆ پیشاندانی شتومەکی کۆنینەناسی و مێژوویی تەرخان کرا.

بەشی پێش لە مێژوو

ئەم بەشە لە شوێنی چوونە ژوورەوە و یەکێک لە ژوورەکانی پەنادەستی هۆڵی سەرەکیدایە، لە بەشی پێش لە مێژوودا کۆمەڵێک دەفری گڵێن ڕادەگیرێن کە لە ناوچەکانی کوردستان و بەتایبەت شاری بانە دۆزراونەتەوە، هەندیک لە دەفرەکانیش هی شاری کەنگاوەرن. لەم بەشەدا سبێوس (چرای پیسۆز)ە دۆزراوەکانی بانە زۆر سەرنج ڕاکێشن.

بەشی سەردەمی مێژوو

زۆربەی شتومەکەکانی نێو مۆزەخانەکە هی سەردەمی مێژوون. هۆڵی سەرەکی و ژووڕێکی پەنای هۆڵەکە و ڕێڕەوی چوونە دەرەوە بۆ پیشاندانی ئەم بەشە تەرخان کراوە، گرینگترینیان شتە دۆزراوەکانی تەپۆڵکەی زێویە واتا گرینگترین تەپۆڵکەی مێژوویی کوردستانە، شتەکانی تەپۆڵکەی زێویە بریتین لە شتی زێڕین وەکوو چەند تیکە خشڵی ژنانە، شتی گڵێن، دەفری گڵێنی جۆراوجۆر بە ڕەنگی خۆڵەمێشی، سوور و نۆکیڕەنگ (کە جوانترینیان تۆنگێکی چکوولەی لیاوداری پڕ لە نەخشە کە لیاوەکەی فیڕووزەیی و سپی و زەردە و نەخشی گوڵەکانی بە شێوەی گوڵچەیە)، شتومەکی بڕۆنز بریتی لە دەفری جۆراوجۆر، سنجاقی ناشتن، دەرزی دوورانەوە و ئاڵقە، شتومەکێک لە جنسی ئێسقان و عاج بریتی لە وێنەی ڕاو و ململانێی نەخشە ئۆستوورەییەکان، گوڵی ڕۆزێت، نەخشی هیندەسی و سەرپەیکان و شتومەکی بەردین بریتی لە سەرتەشی و ئاڵقە و مۆرە. جگە لەمانەش کۆمەڵێک شتومەکی کانزایی و گڵێنەی دیکەی بریتی لە هەموو جۆڕێک سەرنەیزە، خەنجەر، ئاڵقەی جۆراوجۆر، پەیکەرەی چکوولە و دەفرودۆڵی گڵێن بە بیچمی جۆراوجۆر و هەندێک جار بە نەخشی کەندراو یان کێشراو بە ڕەنگی سوور و خۆڵەمێشی و نۆکیڕەنگ و هەروەها دەفری شووشەیی بریتی لە پیاڵە و عەتردانی جۆراوجۆر لەم بەشەدا هەیە و چونکە دەستیان بەسەردا گیراوە و لە قاچاخچییەکان گیراونەتەوە، شوێنی دۆزرانەوەیان دیار نییە، بەشێکی‌تری شتومەکی سەردەمی مێژوویی لینەی (خومرە) گڵێنەیە کە بە لینەی ناشتن ناوی دەرکردووە، لینەکان بە هۆی گەورە بوونیانەوە لە شوینە بەربازەکانی مۆزەخانە ڕادەگیرێن و ئەوانەیان کە چکۆلەترن لە ناوەوەی مۆزەخانەکەدا دانراون. دواهەمین بەشی شتومەکی سەردەمی مێژوویی ئەوانەن کە لە کەندوکۆڵەکانی ئەشکەوتی کەرەفتوو وەدەست هاتوون و هەندێکیان بۆ ئەوە دەبن لەگەڵ شتومەکی زێویە هەڵسەنگێندرێن.

بەشی سەردەمی ئیسلامی

شتەکانی ئەم بەشە بریتین لە دوو بەشی گڵێن و کانزایی. لە هۆڵی گڵێن شتومەکی جوان لە هونەری گۆزەگەرانی هونەرمەندی سەردەمی ئیسلامی دانراوە کە بریتین لە تۆنگە، کاسە، پەرداخ، دەوری و پەیکەرە و ڕەیتوون کە بە شێوەیەکی وەستایانە دروست کراون و بە لیاو و نەخش ڕازاونەتەوە. بەشێکی زۆر کەم لەم شتومەکانە هی کوردستانە و زۆربەیان هی شوێنەکانی دیکەی وڵات بە تایبەت ڕەی، کاشان و نەیشابوورن. لە بەشی شتومەکی کانزایی کاسە، باییە، تۆنگ، کەشەفە، سەنگابە، تیانچە و چرای پیسۆزی جۆراوجۆر دانراوە.

بەشی نمایشی کاتی

ئەم بەشە لە ڕاستیدا، ژێرخان یان هەمان حەوزی ماڵەکەیە و ئێستا بۆ نمایشی هونەری بیانی تەرخان کراوە. لە شتە گرینگەکانی ئەم بەشە دەتوانین بە پەیکەرەی بڕۆنزی و دەفرودۆڵی شووشەیی ئاماژە بکەین. شتەکانی ئەم بەشە بە پێی بەرنامەی مۆزەخانە دەگۆڕدرێن. زیادە لەم بەشانە کە وتران هەندێک بەردەنووس و بەردی قەبر لە بۆشایی دەرەوە دەبیندرێن.

 

سایتی سەحەر بەشی کوردی