پرێس کۆنفرانسی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ورمێ
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران وتی : بنەمای بەرنامەکانی دەوڵەتی یازدەهەم، هاندان بۆ هەناردە کردنە .
"حەسەن روحانی " سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕۆژی شەممە لە کۆتایی سەفەری دوو ڕۆژەی بۆ پارێزگەی ئازەربایجانی ڕۆژاوا لە پرێس کۆنفرانسێک دا لەگەڵ پەیامنێران لە شاری ورمێ، سەبارەت بە هەناردەکردنی بەرهەمی کشت و کاڵ و کانگای ئەم پارێزگەیە وتی : لە دەستهاتە زۆر گرینگەکانی دەوڵەتی یازدەهەم کە بۆ یەکەم جار لە شەست ساڵی ڕابردوودا لە ئێران بە دەست هاتووە ، پێشکەوتنی هەناردەی غەیرە نەوتیی ئێران بەسەر هاوردەیە .
روحانی وتی : پارێزگەی ئازەربایجانی ڕۆژاوا لەباری توانایی کشت و کاڵ و دراوسێتی لەگەڵ سێ وڵاتی دراوسێ واتە تورکیا ، ئێراق و ئەرمەنستان ، لەباری جوگرافیاییەوە ستراتژیکە و گرینگایەتیەکی زۆری هەیە و دەبێ سنوورەکان چالاکتر بکرێن و ڕێگەکانی گەیشتن بەم سنوورانە دەبێ ببووژێندرێنەوە .
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ئاماژەدان بە ئەگەر و توانایی بەربڵاوی پارێزگەی ئازەربایجانی ڕۆژاوا و دراوسێ بوونی لەگەڵ ئەم سێ وڵاتە وتیشی: کرانەوە و جێبەجێ کردنی 369 گەڵاڵە و پڕۆژە لە پارێزگەی ئازەربایجانی ڕۆژاوایی بوار بۆ ئاوەدانکاری و گۆڕانی گەورە لەم پارێزگەیە خۆش دەکات .
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەش دا بە ئاماژەدان بە یەکێتی و هەماهەنگی باشی نێوان بەرپرسان، کاربەدەستانی فەرهەنگی، حەوزەی علمیە و مامۆستایانی ئایینی پارێزگەی ئازەربایجانی ڕۆژاوا وتی : لەم پارێزگەیە شیعە ، سوننە، کورد ، ئاشوری و ئەرمەنی لە تەنیشت یەک دا وەک ڕۆڵەکانی ئێرانی سەربەرز دەژین .
سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەروەها وێڕای پێداگری لەسەر جێ بەجێ کرانی گەڵاڵە گەورە و پێشکەوتووەکانی پیشەسازی وتیشی : ئەمڕۆ بە کردنەوەی کۆگەی پترۆشیمی مەهاباد ، هەنگاوێکی بەرز لەم پێناوە هەڵگیراوە.
سەرچاوه : سایتی سەحەر