• ڕەش
  • سپی
  • سه وز
  • شین
  • سوور
  • پرتەقاڵی
  • مۆر
  • زێڕین
  • ژماره‌ی بینینه‌کان :
  • 258
  • یەكشەممه 2/3/1395
  • رۆژژمێر :

سەید یاقووبی مایەشتی 
 

سەید یاقووبی مایەشتی

سەید یاقووبی مایەشتی (لەدایکبوون: ١٨١٣-١٨١٢ ز. لە گوندی قومشەی مایەشت، کۆچی دوایی: ١٨٧٤–١٨٧٥ ز. لە کرماشان) ناسراو بە سەی یاقۆ یەکێک لە شاعیرانی کوردە.
 
سەید یەعقووب کوڕی سەید وەیسی لە ساڵی١٨٠٢ لە گوندی قەمشەی ناوچەی مایدەشتی کرماشان لەدایک بووە. بە بنەماڵە دەچنەوە سەر سەیدانی سامرەیی و لە قەمشە دەژین. کوردی ئەو ناوچەیە و بنەماڵەی شاعیر لە سەر ئایینزای شیعەی دوازدە ئیمامین. خوێندنی لەسەر دەستووری ئایینی کۆن بووە و لە سەرەتای ژیانیدا ھەوڵی داوە ببێ بە میرزا، واتە خوێندەواری ئەو سەردەمە و بۆ ئەم مەبەستە سەری لە کرماشان داوە، ڕێی کەوتووتە کرند و بێستوون، گەشتی تاران و قوم و شیرازی ھەیە.
دەنگوباسی خوێندەواری و شیعری سەید گەیشتووتە دیوەخانی ئیمام قولی میرزای دوەڵەتشا و پاشان لە لای مامە محەمەدحەسەن خانی فەرمانڕەوای کەلھوڕ وەک نووسەری دیوەخان لە ساڵی١٨٣١ لەوێ دامەزراوە و تا کۆتایی ژیانی لەو ماڵە گەورەیە ماوەتەوە. سەید ڕۆشنبیری چاکی سەردەمی خۆی بووە، بە خەتخۆشی ناوبانگی ەرکردووە و لە زانستی مۆسیقا و بەکارھێنانی ئامێری تەموور ھاوتای کەم بووە و شارەزایی زۆری لە ئاوازی مەقامەکان بە تایبەتی ھۆرە بووە.
نازناوی شیعری سەید یەعقووب "سەیید" ە و ھەندێ جاریش "سەی یاقۆ"ی بەکار ھێناوە، لەبەر ئەوە لە ژیانی شاعیریدا بە "سەی یاقۆ"ش ناسراوە، شاعیر لە ساڵی ١٨٨١ کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی براوەتەوە گوندی قەمشە و لەوێ نێژراوە.
شیعری ئەم شاعیرە لە ناو دڵی خەڵکی جێگەی خۆی دۆزیوەتەوە و ماوەیەکی زۆر لە دەسنوودا پارێزراوە و ساڵی١٩٨٤ بۆ یەکەم جار دیوانەکەی لە چاپ دراوە. سەید یەعقووب ئاگاداری زاراوەکانی زمانی کوردی بووە: ھەورامی، سۆرانی، لەکی، کورمانجی. شاعیرانی ئەم ناوچانەی ناسیوە، بەتایبەتی نالی خۆشویستووە و بە شاعیرێکی گەورەی داناوە و شانازی پێوە کردووە و سەرکەوتووانە لاسایی شیعری نالی کردووتەوە. لە ڕووی ڕوخسارەوە شیعری سەید لە سەر دوو بەشی شیعری خۆماڵی لەسەر ئاوازی ھۆرە و شیعری عەرووزی دانراوە و لەم بوارەدا لە ژێر کاریگەری نالی بووە.
بەرھەمی شاعیر وێنەی شیعرێکی بەرزی زمانی کوردییە، زادەی تێکەڵاوی بنزاراوەکانی زمانی کوردی ئەو ناوچانەیە بە زاراوەی گۆرانی و ئینجا موتوربەکردنی ئەمە بە زاراوەی کورمانجی باشوور (سۆرانی).
وێنەیەک لە شیعری سەی یاقۆ:
شۆرێ بە سەرم کەوتیە لەم مەستیی چاوە
لەم جێگە نەنیشم مەگەر ئەو جێگە شەراوە
ئەم زولف و ڕوخی دلبەرە یا لەیل و نەھارە
یا ھەورە ڕەشی پەردەکەشی بانی ھەتاوە
ڕوخساری تۆ وەک مانگ دوو زولفت وەکوو عەقرەو
ھەرچەن کە قەمەر عەقرەوە ڕازیم بە قەزاوە (سۆزی دڵمە باعیسی تاو و کوڵی گریان
مەعلوومە کە ئاگر سەبەبی جۆششی ئاوە) ماچان کە غەزالان چەڕنی شۆرە زەمینە
پەس ئاھوویی من چیشە کە لەم جێگە ڕماوە
ئەی دڵ گوزەرێ کە وە قوڵنگ تاشییی فەرھاد
بین ناڵەکەی ئەیژنەوی لەو دڵی کاوە
زاھید وە خودا غەیری خەمی ئەبرۆیی دڵدار
مەیلم نە وە مزگەفت و نە دەیر و نە کیتاوە
زولفت وە ڕوخت وە‌ﻫ چ پەرێشان و وڵاوە
سەبرە و بە دڵی شیفتە یەکبارە ڕژاوە
چاوانی نیگارم وە سپاھی موژەما چوون
ئەی لەشکری خوون ڕێژ ئەمە وەقتی چپاوە
دلبەر لە غەمت (سەیید) ی پێچارەیی سەرشەو
خوون ڕێژییە لەم چاوە حەتا سوبحی دەماوە
شیعرەکان
سەی یاقۆ شیعرەکانی بە شێوەزاری کوردیی گۆرانی نووسیوە و سەرەڕای ئەو شێوەزارەش، ھۆنراوەی بە سۆرانی و ھەورامی داناوە. دیوانەکەی نزیکەی ٢٠ ھەزار ھۆنراوە بووە تیاچووە و نەماوە، ئەوەی ماوە و بە دەست گەییشتووە دەوری ھەزار ھۆنراوەیە، بەڵام بە چاپ نەگەییشتووە. ناوەرۆکی شیعرەکانی ئایینی، وەسفی جوانی سروشت، خۆشەویستی و دڵداری بووە. بە شاعیرێکی کلاسیزم دانراوە و بڕێک لە شاعیرانی فارس و ھەروەھا نالی کاریگەرییان لە سەری بووە. شیعرەکانی وشەی بیانی عەرەبی و فارسی لەخۆدەگرێتەوە و لاسایی کردووە لە شاعیرانی شێوەزاری گۆرانی کە کێشی خۆماڵی بەکاردەھێنێت. شارام نازری یەکێک لە شێعرەکانی سەی یاقۆی لە گۆرانییەکدا بە کار ھێناوە.
سەرچاوەکان
زمان و ئەدەبی کوردی بۆ پۆلی یازدەھەمی ئامادەیی - نووسراوە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە.

ویکی پدیا
کوردپێدیا
عەلائەدین سەججادی، مێژووی ئەدەبی کوردی