ژياننامەي (( مەولەوي ))
لە ساڵي 18ظ 6 لە گوندي سەرشاتەي ناوچەي تاوگۆزي لە دايک بووە. لە سەرەتادا لە حوجرەکەي باوکي دەست دەکات بە خوێندن و دواتريش بۆ درێژە پێدان بە خوێندنەکەي ڕوو لە خوێندنگە بەناوبانگەکاني ناوچەي ئەردەڵان و بابان دەکات.
مەولەوي بەشي زۆري تەمەني بە ھەژاري بەسەربردووە، ئەو کاتەي لە سەرەتاي خوێندندا بووە باوکي مردووە، ناچار بۆ بەخێوکردني خوشک و براکاني وازي لە خوێندن ھێناوە بۆ ماوەيەک و پاشان گەڕاوەتەوە سەر خوێندنەکەي. لە سلێماني لاي مەلا عەبدولڕەحماني نۆدشيدا خوێندني تەواو کردووە و ئيجازەي وەرگرتووە.
ديسان گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکاني دەوروبەري ھەڵەبجە و دواتريش لە سەرشاتە خۆي بە مەلايەتي و نووسينەوە خەريک کردووە.
عەنبەرخاتووني ھاوسەري حەوت ساڵ بەر لە خۆي مردووە. ئەمەش کارەساتێکي گەورە بووە و کاريگەري زۆري کردۆتە سەر شێعرەکاني مەولەوي. مەولەوي لە دوا ساڵەکاني ژيانيدا کوێر بووە و ئەمەش کاري زۆر کردۆتەسەر دەرووني و لە چەند پارچە شێعردا دەردەکەوێت.
ھەروەھا کارەساتێکي ديکەش کە بەسەر مەولەويدا ھاتووە، سووتاني کتێبخانەکەي بووە و گومانيش لەوەدا نيە کە بەشێک لە کار و بەرھەمەکاني تێيدا سووتاوە. مەولەوي لەساڵي 1882 لەتەمەني 76 ساڵيدا مردووە و لە گۆڕستاني ئەسحابە لە سەرشاتە نێژراوە.